English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆکی ھەرێم پەنجەی لەسەر برینەکە دانا 
2020-11-15 [05:40 AM]

ZNA- ھەولێر 


ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران روویدا، دژایەتیکردنی کۆی ھاوڵاتییانی ھەرێم بوو، ھەربۆیەش نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا، بە جیاوازی ئاڕاستەی سیاسییان، تیکڕا لەدژی وەستانەوە. 

گرفتەکە تەنھا تێپەڕاندنی یاسایەک نییە بە وویستی زۆرینە بە دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، گرفتەکە ئەوەیە ئەو زۆرینەیە پێیان وایە بەو کارەیان مافێکی دیموکراتیانەیان مومارەسە کردووە!! گرفتە گەورەکە تێگەیشتنی مەترسیداری ئەو نوێنەرانە و بەشێکی زۆری نوخبەی سیاسیی عێراقە لە چەمکی دیموکراسی و پێیان وایە بریتیە لە:  سەپاندنی ئیرادەی نەتەوە و مەزھەبی باڵادەست بەسەر کەمینە و پێکھاتەکانی دیکەدا بە ناوی زۆرینە و کەمینەوە. دەشیانەوێت کورد ملکەچ بکات بۆ ئەم تێگەیشتنە ھەڵەیەی دیموکراسی. تێگەیشتنێک کە جگە لە سەرکێشان بەرەو مەرکەزیەت و قۆرغی دەسەڵات و ستەمکاری، ھەرچیش پێی دەگوترێت پرنسیپەکانی فدرالیزم بە مانای( دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت) بە یەکجاری ریشەکێش دەکات. 
عێراقی نوێ وەک سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە پرێسکۆنفرانسەکەیدا ئاماژەی پێدا، لەسەر بنەماکانی (تەوافوق و شەراکەت و ھاوسەنگی) دروستکرا، کە ئەوانەش بنەماکانی (دیموکراتیی تەوافوقی)ن کە لەگەڵ (دیموکراسی سادە)‌دا دوو چەمکن ھەر خودایان یەکە. 
 ووڵاتانی فرەپێکھاتە و فرە نەتەوەی وەک عێراق، گەر بە دیموکراسیی سادە ( زۆرینە و کەمینە)‌ بەڕیوەببرێت، جگە لە دیکتاتۆریەتی زۆرینە،‌ ھیچی دیکەی لی شین نابێ. لە کاتێکدا دیموکراسیی تەوافوقی واتا بەڕێوەبردنی ووڵات بە سازانی ھاوسەنگانە و ھاوبەشانەی ھەموو پێکھاتەکان بە بێ گوێدانە ژمارە و قەبارە و دەنگ و کورسیی ھەر یەک لەو پێکھاتانە. 
ئەگەر دیموکراتی بریتی بێت لە باڵادەستی نەتەوەی بەژمارە زۆر بەسەر نەتەوە و پێکھاتە بە ژمارە کەمەکاندا، جا خۆ عێراق لە دامەزراندنەوە ھەر وا بوو، ئیدی ئەو ھەموو شەڕ و شۆڕش و راپەڕینە بۆچی بوو!!
سەپاندنی ئەو لۆژیکە سەقەتە، گێڕانەوەی عێراقە بۆ دواوە و بۆ سەردەمی رابردوو، ئەوەش لە کورتترین پێناسەدا وەک سەرۆکی ھەرێم گوتی: شکستھێنانی یەکجاریی نوخبەی ئێستای عێراقە لە ئیدارەدانی دەوڵەتدا. 
گرفتی کورد لەگەل ئەم عەقڵیەتەیە، لەگەڵ ئەم تێگەیشتنە لنگاوقوچەیە لە چەمکی دیموکراسی، گرفتی کورد لەگەڵ نادیدەگرتنی دیموکراسیی تەوافوقییە کە بڕیار بوو بنەمای سەرەکی بێت لە دامەزراندنی عێراقی نوێدا.
 تا ئەم عەقڵیەتە بەری پێ نەگیرێ، تا دوبارە  و بەھاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای سازان و دەستورە تەوافوقییەکەی راستەڕێ نەکرێتەوە، ئەم کێشمەکێشەی نێوان ناوەندێک کە بە خێرایی بەرەو مەرکەزیەت مل دەنێ و ھەرێمێک کە ماف و ئایندەی خۆی لە فدرالیزم و دیموکراتی تەوافوقیدا دەبینێتەوە، چارەسەر نابن، ئەوی  
دیکە ھەمووی تەفاسیلە.

ئاریان فەرەج 
 





ئەم هەواڵە 5908جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad