English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سه‌رده‌مى پلە دوویی و پاشكۆكردنى گه‌لى كورد كۆتایی هاتووه‌ ..
2020-12-10 [10:39 AM]

نوسینی : رێبوار حه‌مه‌لاو شوانى


مێژووی عێراق و پەیوەندی و گفتگۆكانی كورد و بەغدا چ بە درێژایی خەباتی چەكداری و چ ئێستای خەباتی شارستانی و سیاسی بە قۆناغی زۆر هەستیار و ناسكدا گوزەریان كردووە، بە شێوەیەك كە چەندین جار دەسەڵاتدارانی بەغدا پاشگەز بوونەوەتەوە لە بەڵێنەكانیان و دواتر لە پشتەوە بە خەنجەر و ئاگرو ئاسن وەڵامی ویستەرەواكانی گەلی كوردیان داوەتەوە .
بۆ ئێستەی عێراقی دوای رووخانی رژێمی بەعسیش ئەگەر بڵێن كە هیچ گۆرانكارییەك لە عەقڵییەت و بیركردنەوەیان بە رانبەر بە مافەرەاواكانی گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان نەماوە ، بەڵكو لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا گەیشتۆتە قۆناغێكی زۆر خراپ و هۆكارەكەشی بۆكەمبوونەوەی متمانە لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكانیدا، ئەمەش كاریگەریی خراپی بۆسەر دۆخی سیاسی و ئەمنی و كۆمەڵایەتی هەبووە بەجۆرێك كە هاووڵاتییان بەدەست نەبوونی دامودەزگای دەستووریی و بوونی سیستمێكی تایفی و دوور لە هۆشیاریی و هەستكرن بە یەكسانییەوە دەناڵێنن، ئەمە وێرای ئاڵۆزییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان.
هەروەها بەكارهێنانی هێز وچەك لە جیاتی گفتگۆ و گەڕاندنەوەی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و نەناردنی مووچە و بەكارهێنانی ئەو پرسە وەك كارتی گوشار لەلایەن حكومەتی عێراق كە ئامادەی گفتوگۆ نییە و هەمیشەش لەڕوانگەی سیاسییەوە سەیری مەسەلەكان دەكات و ئەو پرسە وەكو كارتێكی گوشار بەكاردەهێنت تا كورد وابەستە بكات و هەرێمی كوردستان لاواز بكات و و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی گەماڕۆ بدات و سڕیان بكات وەك چۆن لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو، هەوڵەكان بە ئارٍاستەی كۆتایی هێنان و هەمواركردنی دەستوور بووە بە سوود و قازانجی خۆیان و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتێكی ناوەندی.
ئەوەی عێراق مەبەستێتی ، ئەوەیە، تا چیتر كار بە دەستوور نەكرێت و لە دەرەوەی دەستوور و بەرێكەوتنی سیاسی بریار لە سەر ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت و لە هەمانكااتیشدا ، هەندێك رێكەوتنی زارەكی و تەنانەت نووسراویشی ئیمزاكردووە كە خۆی وا پیشان دەدات كە پەرۆشی پەیوەندیی نێوان خۆیان ‌و هەرێمن و دەیانەوێت كێشەكان بەئاراستەی چارە سەرببەن و كۆتایی بە بەستەڵەكی نێوانیان بهێنن. بەڵام دواتر دەركەوتووە تەنها مەبەست لەپشت ئەو سیناریۆیانەوە درێژكردنەوەی كاتە و هەمان سیاسەتە كە ئەوەی لە دەسەڵاتدا بێت جیاوازیی لەنێوان گەل و پێكهاتەكانی عیراقدا دەكات.
نابێت ، ئەو راستییەش لە بیر بكەین، كە زۆرتر وڵاتانی دراوسێ‌ رۆڵی نەرێنیان لە دەستێوەردان و گۆڕینی رێرەوی دانووستان و گفتگۆكان هەیە لە پێناو بەرژوەندییە تایبەتییەكان و مانەوەی ناكۆكیی و گرژییەكان تەنانەت بەكارهێنانی هێرشیش لەبەرامبەر ئەوەی ئەو وڵاتانە خوازیاری ئەوە نین كە كورد پەیوەندیی لەگەڵ هەندێك وڵاتی دەرەوەی چوارچێوەی ناوچەكە زیاتر بڕبكات ‌و پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دیكەی خاوەن پێگە لە ئەوروپا‌و جیهاندا پتەوبێت، چونكە ئەوە بەمەترسیی بۆسەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەزانن هەربۆیە لەگەڵ هەر بەرەوپێشچوونێكی دۆزی كورد بەگشتی ‌و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ئەوانە گوشارەكانیان چڕتر دەكەنەوە لەرێگەی دامەزراوە ئیداریی ‌و سیاسی ‌و سەربازییەكانی عیراقەوە.
بۆیه ،گه‌لی کورد بەدرێژایی مێژووی ئەو وڵاتە ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە پێشخستنی عێراقدا؛ هەر لە شۆڕشی تەمووز و پشتگیریکردن لێی و دامەزراندنی سوپای عێراقەوە بگرە تا رەوتی ئازادی و دیسان دروستکردنەوەی حکومەت و ئاشتەواییی نیشتمانی و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی وڵات؛ لە بەرامبەر ئەوەدا ڕۆژ دوای ڕۆژ هەست بە پیلانی نوێ دەکرێت و هەوڵی نوێ دێنە ئارا بۆ لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان؛ پشتگوێ خستنی مافی کورد لە عێراق و هەوڵی لەناوبردنی، سەری نەگرت؛ عێراقیشی گەیاندووەتە ئەو ئاقارە کە ڕۆژ دوای ڕۆژ زیانی بەر دەکەوێت و بۆ داهاتووش بەرهەمی نابێت.
ئەوەی ڕاستە ئەوەیە کە پێکهاتەکانی عێراق وانه‌یه‌كی باش لە ڕابردوو لە دەسەڵاتدارانی پێش خۆیان وەربگرن و چیدیکە بە چاوی هاووڵاتیەکی پلەدوو سەیری کورد نەکەن؛ لە جێگەی هەوڵی لەناو بردن و بچووکردنەوەی کورد. بۆیە، ئەوەی لە قۆناغی ئێستامادا گرنگ ئەوەیە، تا گشت هێزولایەنە نیشتیمانپەوەرەكان ، پشتیوانی و یەكدەنگ بن تا كو حكومەتی كوردستان هەنگاوە چاكسازی و ئابوورییەكانی بە ئارٍاستەی بەهێزكردنی ئابوری كوردستان بەرەو پێشەوە ببات و چیتر چاومان لە خێری عێراقێك نەبێ‌ كە داری لە سەر بەردی نەماوە و تەنها دەسەڵاتێكی میلیشاییە بە سپۆنسەری وڵاتانی ئیقلیمی و چیتر فریویی كات بە فیرۆدانەكانی بەغدا نەخۆین.





ئەم هەواڵە 5311جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad