English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مەرکەزیەت لە پێناو نامەرکەزیەتدا
2021-01-20 [09:40 AM]

نووسینی: ئاریان فه‌ره‌ج


بۆ ئه‌وه‌ی كاروباری خۆجێیی هاوڵاتییان، ئاسانتر، بێ رۆتین، بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مه‌ركه‌ز و بێ حه‌له‌قه‌ی زیاد و ده‌ستوپێگیر، به‌ڕێوه‌بچێ. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێ به‌رنامه‌ لۆكاڵییه‌كانی خزمه‌ت و په‌ره‌پێدان له‌سه‌ر ئاستی شار و شارۆچكه‌كان، كێبه‌ركێ بكه‌ن، نه‌ پێشتر و نه‌ ئێستاش كه‌س لاری له‌ لامه‌ركه‌زیه‌ت نه‌بووه‌ و نییه‌. نه‌كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و نه‌ روانگای هیچ لایه‌نێك له‌گه‌ڵ ئه‌م پرنسیپه‌كه‌ له‌ هه‌ر كوێی دونیا تاقیكراوه‌ته‌وه،‌ خێری لێ بینراوه‌، ناكۆكه‌.

به‌ڵام پرسیاری جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه‌: ئایا به‌ راستی ئێمه له‌ كوردستان كێشه‌ی نه‌بوونی (نامه‌ركه‌زیه‌ت)مان هه‌یه‌ یان نه‌بوونی (مه‌ركه‌زییه‌ت). ئایا به‌ راستی ئێمه‌ گیرۆده‌ی ده‌ستی مه‌ركه‌زیه‌تین تا نامه‌ركه‌زیه‌ت رێگای نه‌جاتمان بێت، یان هه‌ر به‌ راستی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و هه‌موو قه‌یران و گرفته‌ی كوردستان به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێ، مه‌ركه‌زیه‌ت و نامه‌ركه‌زیه‌ته‌؟.

له‌ راستیدا، سه‌رنجێكی راگوزه‌ر به‌سه‌ بۆ بینینی ئه‌و راستییه‌ی ئه‌وه‌ی له‌م هه‌رێمه‌دا غائیبتره‌‌ مه‌ركه‌زیه‌ته‌ نه‌ك نامه‌ركه‌زیه‌ت. كاتێ حكومه‌ت‌ به‌ یه‌ك ئه‌ندازه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌ سه‌ر هه‌موو هه‌رێمه‌كه‌ نه‌شكێ و نه‌توانێ له‌ ته‌واوی قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌كه‌یدا حوكمڕانییه‌كی سه‌رتاسه‌ری بكات‌، هه‌موو ئه‌و بوار وكایانه‌ی ده‌بوا مه‌ركه‌زی و یه‌كگرتوو بن، دوو كه‌رت و په‌رته‌وازه‌ بن، كاتێ: هێڵه‌ گشتییه‌كانی ئیراده‌ و خیتابی سیاسی، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، په‌یوه‌ندیی ئیقلیمی و ده‌ره‌كی، پێشمه‌رگه‌، ئاساییش، ئابوری و ئیداره‌ی مه‌رز و داهات، باڵاده‌ستیی و به‌ركاریی یاسا و رێساكان له‌ هه‌موو جێیه‌ك، تا ئاستی به‌رجه‌سته‌بوونی دوو ئیداره‌یی، لێك دوور و جودا بن، كه‌واته‌ نه‌ك نامه‌ركه‌زیه‌ت، به‌ڵكو جارێ ئه‌و مه‌ركه‌ز و مه‌ركه‌زییه‌ته‌ غائیبه‌ كه‌ ده‌بێ هه‌بێ تا نامه‌ركه‌زیه‌ت لێیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێ و ده‌سه‌ڵاتی لێوه‌ شۆڕبێته‌وه. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌وله‌ویه‌ت له‌وه‌دایه‌ به‌رله‌ به‌نامه‌ركه‌زی كردنی ئه‌و بوار و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی وا چاكه‌ نامه‌ركه‌زی بن، ئه‌و بوارانه‌ به‌مه‌ركه‌زی بكرێن و له‌ دوو كه‌رتی رزگار بكرێن كه‌ هه‌ر ده‌بێ مه‌ركه‌زییانه‌ به‌ڕیوه‌ببرێن.

 له‌ غیابی مه‌ركه‌زییه‌تدا، هه‌ر بانگه‌وازێك بۆ نامه‌ركه‌زییه‌ت و وێناكردنی وه‌ك فریادڕه‌س، بێ به‌هانه‌یه‌ و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كه‌یه‌ له‌ ناوه‌ڕۆك و دانانی عه‌ره‌بانه‌كه‌یه‌ له‌ پێش ئه‌سپه‌كه‌دا و ره‌نگه‌ هه‌ر غایه‌له‌ی ( دوو ئیداره‌ییه‌كه‌) بێت به‌ڵام به‌ ناوێكی دیكه‌، ئه‌و دوو ئیداره‌ییه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌( سفر ئیداره‌) وكۆتاییهێنان به‌و‌ خودحوكمڕانییه پێناسه‌ی كردكه‌ له‌ ئێستادا له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ سه‌نگه‌ری لێگیراوه‌.

ده‌نا ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ نامه‌ركه‌زییه‌ت، په‌یڕه‌وكردنی سیستمێك بێ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵك، ئه‌وا كه‌ی وویست و ئیراده‌ی سیاسیی له‌ هه‌رێمدا گه‌یشته‌وه‌ ئه‌و ئاسته‌ی له‌ جێی لێكترازان و یه‌كدی نه‌خوێندنه‌وه‌ و تارمایی دوو ئیداره‌یی و فره‌زۆنی، زه‌مینه‌ بۆ حكومه‌ت بڕه‌خسێ‌ یه‌كده‌ست و سه‌رتاسه‌ریانه‌ هه‌ڵسوڕێ و كایه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێم رێكبخات، ئه‌وكات هیچ له‌وه‌ باشتر نییه‌ حكومه‌ت تا چاو بڕبكات ده‌سه‌ڵاته‌كانی بۆ داموده‌زگا لۆكاڵییه‌كان و حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان و خزمه‌تی خه‌ڵك دابه‌زێنێ.

كوردستان به‌‌ قه‌یران و كێشه‌و بێشه‌یه‌كی زۆره‌وه‌ گیرۆده‌یه‌، بریا گرفته‌كه‌مان هه‌ر مه‌ركه‌زیه‌ت و نامه‌ركه‌زییه‌ت ده‌بوو!!  





ئەم هەواڵە 4645جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad