English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پارتی وه‌ك پارتێكی سه‌نگین و به‌رگریكار و به‌رپرسیار
2021-05-13 [11:49 AM]

نوسینی : عه‌لی چیایی


 پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێكی گرینگی خه‌بات و ژیانی سیاسیه‌ له‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌ هه‌میشه‌ له‌ چوارچێوه‌یی جوگرافی خۆیدا ڕاكابه‌ری نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بێ ووچان له‌كاروانی چاره‌سه‌ركردنی دۆزه‌كه‌ی كۆششی به‌رده‌وامی كردووه‌، هیچ كاتێك مساوه‌مه‌ی له‌سه‌ر بستێكی خاكی پیرۆزی كوردستان نه‌كردووه‌، بۆیه‌ له‌م ووتاره‌ به‌پێویستی ئه‌زانم تیشك بخه‌مه‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك حزبی پێشه‌نگ. هزری سیاسی و ڕێكسختن له‌ پارتیدا. گومان له‌وه‌ دانیه‌ هه‌بوونی هێزی سیاسی گه‌وره‌ترین ئامرازی ئه‌و ئامانجانه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی یان گروپێك هه‌یانه‌ تا له‌ ڕێگایه‌وه‌ بتوانن ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی به‌ده‌ست بهێنن، له‌هه‌مانكاتدا په‌یڕه‌وی ئه‌و پرۆگرامانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ پێشوودا هه‌یان بووه‌، هزری سیاسی بێ ڕێكخستن نابێت و ڕێكخستنیش بێ هزری سیاسی هه‌رگیز نایێته‌دی، چونكه‌ ته‌واو كه‌ری یه‌كترن. پارتی خودان هزری سیاسی بووه‌ ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ پێش ساڵانی ڕاگه‌یاندنی پارتی هه‌ر له‌سه‌رده‌می (شێخ عه‌بدول سه‌لامی بارزانی 1907 ) و ( شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان له‌ ساڵانی 1931و 1932)، هه‌روه‌ها (رابه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كورد مسته‌فا بارزانی له‌ ساڵانی 1943و1945) كه‌واته‌ لێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هزری سیاسی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بووه‌ بۆ دۆزی ڕه‌وایی گه‌له‌كه‌مان به‌ رابه‌رایه‌تی شێخه‌كانی بارزان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئان و ساتێكی وه‌هادا كورد ناڵاندوویه‌تی به‌ده‌ست سه‌رانی ئه‌وكاتی ناوچه‌كه‌و عێراق، بۆیه‌ شێخه‌كانی بارزان له‌ رێگه‌ی چه‌ندین شۆڕش و ڕاپه‌ین ڕووبه‌روویان وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌م ڕێكخستنه‌ سیاسیه‌ به‌ته‌واوه‌تی چه‌كه‌ره‌ی نه‌كردووه‌ به‌هۆی باروودۆخی (سیاسی و كۆمه‌ڵاییه‌تی و ئابوری) ئه‌وكات، به‌ڵام بۆ ئه‌و ئه‌وسا هه‌بوونی پێویست بووه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین هه‌بوونی پارتی وه‌ك هێزێكی سیاسیى كاریگه‌ر له‌ گۆره‌پانی سیاسی ئه‌مرۆی كوردستان بناغه‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تایی سه‌دی بیست. پارتی و دسپلینی پارتایه‌تی ئاشكرایه‌ پارتی سیاسی به‌بێ دیسلپین و هێلی گشتی ناتوانرێت پێی بگوترێت حزب، چونكه‌ دیسپلین و ڕه‌گه‌زه‌كانی دیسپلین بوون به‌جۆرێك گرینگه‌ كه‌ ده‌كرێت به‌ ڕۆحی حزب دابندرێت، چونكه‌ حزب به‌بێ دیسپلین ته‌مه‌نی كورته‌ و ڕه‌نگه‌ نه‌گات به‌ وه‌رزێكی به‌هاری ته‌مه‌نیدا، جگه‌له‌وه‌ش ئامانج دارنابێت له‌ كاری پارتایه‌تیدا. له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ پارتی خاوه‌نی دیسپلینی خۆیه‌تی و سه‌رده‌مانێك ده‌ستی گرتووه‌ به‌ دیسپلین و كادیر و ئه‌ندامانی ڕاهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سنوری دیسپلینی حزبی مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و به‌هره‌كانی خۆیان بخه‌نه‌روو. دیسپلینی پارتی پابه‌ندبوونه‌ به‌ بڕیاری حزب و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ده‌نگه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕاهێنانی ئه‌ندامانی حزبه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌پرسه‌ چاره‌نووسازه‌كاندا هاو ده‌نگ بن، ناكرێت ئه‌وه‌ش نه‌لێین به‌هێزی پارتی له‌و دیسپلینه‌دایه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی بوونی هه‌یه‌ و هه‌مووان ڕێزی لێ ده‌گرن، به‌ ئاشكراش هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت و به‌ كرده‌وه‌ش دیسپلین ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ له‌نێو ریَِكخستنه‌كانی پارتیدا. ڕاگه‌یاندنی پارتی و پێویستی مێژوویی له‌وه‌دا هه‌موو مرۆڤێكی ژیر وا بیر ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ سنوری ده‌وڵه‌تێك یاخود هه‌رێكێكدا كۆمه‌لێك ڕه‌گه‌ز و ده‌نگ و ڕه‌نگ بوونیان هه‌یه‌ هه‌بوونی حزبی سیاسی چه‌نده‌ گرینكه‌ تاوه‌كو پاشاگه‌ردانی دروست نه‌بێت، جگه‌له‌وه‌ش هاوڵاتیان به‌ خواست و مافه‌كانیان شاد بن. شۆڕه‌ سوارانی ڕێگه‌ی كورداییه‌تی له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ بارزانی مه‌زن هه‌رزوو به‌گرینگیان زانی حزبی سیاسی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانی پارێزراو بن، چونكه‌ ئه‌و سه‌رده‌م سه‌رده‌می خواردنی بچوكه‌كان بوو له‌لایه‌ن زلهێزه‌كان، بۆیه‌ به‌ رابه‌رایه‌تی باوكی ڕۆحی نه‌ته‌وه‌یی كورد بارزانی نه‌مر به‌ پێویست زانرا حزبێكی سیاسی ڕابگه‌یه‌نن و به‌شداری كایه‌ی سیاسی بكه‌ن له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق ئینجا ئه‌و به‌شداریكردنه‌ به‌ ریَِگای شۆرش بێت یاخود هه‌رێگه‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ ئامانجه‌كان بهێنێته‌ دی، بۆ كۆتایی هێنان به‌ جه‌ورو سته‌می سه‌رانی عێراق. شڕۆڤه‌كارانی هزری سیاسی له‌وه‌دا كۆكن ڕاگه‌یاندنی پارتی له‌ (16ی ئابی 1946)وه‌ك حیزبێك بۆ ئه‌و سه‌رده‌م گه‌وره‌ترین ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی بووه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر پارتی نه‌بووایه‌ گومان له‌وه‌دا نه‌بوو زلهێزان و خاوه‌ن نفوسه‌كانی ئه‌و كات به‌ته‌واویی ناسنامه‌ی كوردیان ده‌سریه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رزوو به‌ حیكمه‌ت و دانایی بارزانی پێشنیازی پارتی به‌گرینگ زانی و توانی ڕێگه‌ له‌وه‌ بگیردرێت كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ بچێته‌ په‌رده‌ی نه‌بوون. پارتی و شۆرشی چه‌كداری كێشه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێویسته‌ به‌ ئاشتیانه‌ چاره‌ بكرێت، ئاشتی كلیلی هه‌موو ئاریشه‌یه‌كه‌ و بێ ئاشتی جیهان سه‌قامگیر نابێت، بۆیه‌ هه‌ر ده‌بێت بگه‌رێینه‌وه‌ سه‌ر مێزی دانوستاندن بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ن و كه‌نی بابه‌ته‌كان بكرێت چاره‌سه‌ری ریشه‌یی ئاریشه‌كان بكرێت. پارتی هه‌میشه‌ ئاشتی به‌ گرینگ زانیوه‌ و په‌نای بۆ بردووه‌، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ نیه‌ بۆ هه‌میشه‌ ده‌ڕوێشی ئاشتی بێت له‌كاتێكدا لایه‌نی به‌رانبه‌ر خۆی بسه‌پێنێت، بۆیه‌ له‌و كاتتانه‌دا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ چه‌نده‌ ئاشتی خواز بووه‌ هێنده‌ش هه‌لۆئاسا هێرشی كردووه‌ و ڕووبه‌روی دوژمنان بۆته‌وه‌ له‌كاتی هێرشی ناڕه‌واو چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد. شۆڕشی ئه‌یلول و شۆڕشی گولانی پێشكه‌وتووخوازی نیشتمانی ئه‌و شۆڕشانه‌ن كه‌ پارتی به‌ ئیلهامی به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌ به‌رپای كردن و به‌ دوژمنی ووت كورد هه‌ر به‌كوردی ده‌مێنێته‌وه‌ و شوناسی خۆمان خۆش ده‌وێ و ده‌یپارێزین. دانوستاندن و پارتی وه‌ك نوێنه‌ری كورد په‌رۆش بوون بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری دۆسیه‌كان مه‌رجێكی گرینگی هه‌ر هێزێكی سیاسیه‌، دانوستاندن ئه‌گه‌ر نیه‌تی باشی لایه‌نه‌كانی له‌گه‌ڵدا بێت خۆی له‌ خۆیدا هیوای سه‌ركه‌وتنه‌. پارتی هیچ كات سڵی له‌ دانوستاندن نه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵكو زۆرتر و زیاتر به‌ پیر دانوستاندن چووه‌ و خۆی نه‌شاردۆته‌وه‌ هه‌میشه‌ دووپاتی ئه‌وه‌ی كردۆته‌وه‌ هه‌بوونی دانوستاندن باشتر له‌ ڕژاندنی بارووت و ته‌قاندنی فیشه‌ك، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ مێژوو ده‌بینین پارتی چۆن پێشوازی له‌ ده‌ست پێشخه‌ره‌یه‌كانی دانوستان كردووه‌ و له‌هه‌موو ئه‌و دانوستاندنانه‌ ده‌سكه‌وتی باش و گرینگی بۆ كورد به‌ده‌ست هێناوه‌ وه‌ك دانیشتن له‌گه‌ڵ (عه‌بدلكه‌ریم قاسم و كوڕانی عارف و به‌عس) له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ش رێكه‌وتننامه‌ی( 11ی ئازاری 1970 ) هاته‌بوون، هه‌رچه‌نده‌ دوژمن له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناومان هێناوه‌ به‌فێل بووه‌ له‌گه‌لأ كورد، به‌ڵام به‌ هه‌بوونی قیاده‌ی پارتی دوژمن به‌و په‌ڕی زه‌لیلیه‌وه‌ دانی ناوه‌ به‌ مافه‌كانی كورد و ملكه‌چ بووه‌ كه‌ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا گه‌وره‌یی پارتی سه‌كردایه‌تی پارتی ده‌سه‌لمێنێت وه‌ك حزبێكی سیاسی پێشره‌و و پێشه‌نگ. دامه‌زراوه‌یی دام و ده‌زگاكان و تێروانینی پارتی حزبی سیاسی ئه‌گه‌ر تێروانینێكی ڕوونی بۆ دامه‌زراوه‌یی له‌ ده‌وڵه‌ت نه‌بێت ئه‌وا نیه‌تی خۆ سه‌پاندن و دكتاتۆریه‌تی هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش هه‌میشه‌ مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی. پارتی دوای ئه‌وه‌ی به‌شداریه‌كی كارای هه‌بووه‌ له‌ ڕاپه‌رینی گه‌لی كوردستان و خزمه‌تێكی به‌رچاوی هه‌بووه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی ڕاپه‌رین و به‌ داموده‌زگا شه‌رعیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. په‌رله‌مانی كوردستان و ڕاگه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجامدانی ئه‌م خولانه‌ی هه‌ڵبژاردن و كابینه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كان ئه‌وه‌ پشت ڕاست ئه‌كه‌نه‌وه‌ پارتی مه‌یلی دامه‌زراوه‌یی هه‌یه‌ و ده‌خوازێت خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ و خوێنی شه‌هیدان به‌ فیڕۆ نه‌چێت. پارتی و دیموكراسی ناوی پارتی له‌خۆیه‌تی و هه‌ڵگری هه‌مان ناوه‌رۆكیشه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕوای ته‌واوی به‌ مافی گه‌لی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی تر هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی ده‌یبینین له‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان هه‌بوونی ئه‌و ڕوحیه‌ته‌ دیموكراسیییه‌ كه‌ پارتی به‌ میرات له‌ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بۆی ماوه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵی ته‌واویشی بۆ ئه‌دات. پارتی بڕوای ته‌واویی به‌ دیموكراسی و بنه‌ماكانی دیموكراسی هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌هێز بوونی گه‌وره‌ترین گرێنتی كورده‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌ و هه‌میشه‌ ده‌بێته‌ چقڵی چاوی دوژمنان و ناپاكانی ناوه‌خۆیی، بۆیه‌ ئه‌و درووشمه‌ ته‌واو درووست و گۆنجاوه‌ بۆ پارتی كه‌ ده‌ڵێت به‌هێز بوونی پارتی به‌هێز بوونی كوردستانه‌.





ئەم هەواڵە 4246جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad