English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە دهۆک نەخۆشخانەی ئازادی بۆ تووشبووانی کۆرۆنا تەرخان دەکرێت
2021-08-05 [04:35 AM]

ZNA — هەولێر


 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک بەشێک لە نەخۆشخانەی ئازادیی بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا تەرخان کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە دهۆک رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیادبووندایە و رەوشێکی مەترسیدار لەو شارە هەیە. د. سەگڤان سلێمان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئەو بڕیارە لە ناچاری درا، چونکە شوێنی خەواندنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا نەمابوو. ئێمە وەکو قۆناخی یەکەم نهۆمی یەکەمی نەخۆشخانەی ئازادیمان بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا تەرخان کردووە. ئێمە 80 تەختمان دابین کردووە کە بۆ 20ـیان ئامێری هەناسەی دەستکردمان داناوە و ئەوانی دیکەیش دەتوانین ئۆکسجینی ئاساییان بۆ دابنێین". د. هەکار مستەفا، سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا لە دهۆک ئاماژەی بەوە کرد "زۆر هەوڵمان دا کە نەگەڕێینەوە بۆ نەخۆشخانەی ئازادی، بەڵام بە ناچاری ئەو بڕیارەمان دا کە لەوێیش نەخۆشانی تووشبووی کۆرۆنا وەربگرین". بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژانە لە پارێزگای دهۆک هەزار بۆ هەزار و 600 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار دەکرێن. سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا لە دهۆک رایگەیاند، "ئێستا لە دهۆک نزیکەی 42 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامێری هەناسەدانی دەستکردیان بۆ دانراوە. ئەوەیش شتێکی مەترسیدارە کە پێشتر شتی وا نەبووە. ئەو دوو نەخۆشخانەکەی دیکەی تایبەت بە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هەردووکیانەوە نزیکەی 175 تەختیان هەیە". د. سەگڤان سلێمانیش دەڵێت "ئێستا 39 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنامان هەیە لەناو نەخۆشخانەی ئازادی، 32 نەخۆش ئۆکسجینی ئاساییان بۆ دانراوە و حەوتیش ئامێری هەناسەدانی دەستکرد". تاوەکو ئێستا لە پارێزگای دهۆک 90 هەزار و 320 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیە 76 هەزار و 431 کەس چاکبوونەتەوە و هەزار و 201 تووشبوویش مردوون.





ئەم هەواڵە 2182جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad