English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پزیشکێک: لە سلێمانی تووشبوون بە کۆرۆنا لەنێو منداڵاندا زیادیکردووە
2021-08-24 [02:30 AM]

ZNA — هەولێر


بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی دەڵێت تێبینی تووشبوونی ژمارەیەکی زیاتری منداڵانیان بە کۆرۆنا کردووە و لە کۆی 46 سامپڵی پشکنینی کۆرۆنا لە ماوەی دوو رۆژدا 20یان هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون. بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: "کۆرۆنا تووشی گەورە و منداڵ دەبێت". د.پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانیی فێرکاری لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "درکمان بە زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو منداڵان کردووە و لەکۆی پشکنینەکان، ئەنجانی 25 بۆ 30٪یان پۆزەتیڤە، لە کاتێکدا پێشتر تووشبوون لەنێو منداڵان کەمتربوو". سەبارەت بە تەندروستیی منداڵانی تووشبوو، ئەو پزیشکە گوتی: "چاکبوونەوە لەنێو منداڵانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا خێراترە، بەڵام دەبێت دایکان و باوکان زیاتر لەسەر خۆپارێزی منداڵان مکوڕبن و پابەندییان بکەن بە بەستنی ماسک و دەست شووشتن و کەم تێکەڵاوی". ئەو پزیشکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەو حاڵەتانەی ئێستا تۆماردەکرێن لە جۆری دەلتایە و نیشانەکانی کەمتر لە منداڵاندا دەردەکەوێت و بەشێکی حاڵەتەکانی نێگەتیفیش هەر پۆزەتیڤن لە بنەڕەتدا، بەڵام منداڵان کەمتر کاریگەردەبن بە ڤایرۆسەکە. هەروەها دەڵێت "ژمارەیەکی زۆر لە تووشبووان پێویستیان بە مانەوە لەنەخۆشخانەکان نییە، بەڵام بەشێکیان بە تووندی تووش دەبن، زۆربەی ئەوانەی لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێن، وەڵامیان بۆ چارەسەر هەیە لەماوەی چەند رۆژێکدا، تەنانەت هەندێکیان پێش ئەوەی ئەنجامی پشکنینەکە بگەڕێتەوە تەندروستیان باش دەبێت و دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە". لە دیارترین نیشانەکانی زنجیرەی دەلتا کە یەکێکە لە شێوازە گۆڕاوەکانی کۆڕۆنا بریتییە لە تا، کۆکە، بێهێزی، سەرئێشە، سکئێشە، قوڕگئێشە، سکچوون و رشانەوە، لەگەڵ ئاوی لووت بە رادەیەکی زیاتر لە جۆری یەکەم کە بە ئەلفا دەناسرێت. د. ئاسۆ زەنگەنە، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی و خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە زیادبوونی رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە نێو منداڵاندا گوتی: "داتا و ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی تووشبووانی کۆرۆنا رەگەزی نێر و مێ جیادەکاتەوە، نەوەک تەمەن، بەڵام بەگشتی ڤایرۆسەکە کاریگەریی لەسەر گەوران هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ڤایرۆسەکە منداڵان و گەورانیش دەگرێتەوە، دەبێت توێژینەوە بکەین لەبارەی کاریگەریی ڤایرۆسەکە لەسەر منداڵان تاوەکو بۆمان دەربکەوێت چەندیان تووشبوون". بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان بەڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو 23ی ئابی 2021 گەیشتووەتە 280 هەزار و 860 کەس، 5 هەزار و 240 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانییان لەدەستداوە و 232 هەزار و 270 کەس چاکبوونەتەوە. بەپێی ئامارەکە لە کۆی گشتی تووشبووان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 600 تووشبوو تەمەنیان لە نێوان یەک رۆژ بۆ 19 ساڵ بووە.





ئەم هەواڵە 1567جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad