English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پوتن بۆ ئه‌سه‌د: هێزە چەکدارە بیانیەکان بەبێ مۆڵەتی یوئێن و تۆ له‌ سوریا بوونیان هەیە
2021-09-14 [12:31 PM]

ZNA - هه‌ولێر


له‌سه‌ردانێكی رانه‌گه‌یه‌نراودا، سه‌رۆكی سوریا به‌شار ئه‌سه‌د سه‌ردانی روسیای كرد، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی روسیا فلادیمێر پۆتن پێشوازی لێكرا.

له‌سه‌رتای دیداره‌كه‌دا، پۆتن وتی، دڵخۆشم جارێكی دیكه‌ له‌ مۆسكۆ به‌خێرهاتنت بكه‌م، پێش هه‌موو شتێك ده‌مه‌وێ پیرۆزبایی جه‌ژنی له‌دایكبوونت لێ بكه‌م كه‌ پێش چه‌ند ڕۆژێك بوو.

کرێملن ڕایگەیاند بۆ یەکەمین جار لە دوای ساڵی 2015 ەوە، سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لە مۆسکۆ پێشوازی لە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد کرد، لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا، وەکو ئاماژەیەک بۆ هێزەکانی ئەمەریکا و تورکیا، پوتن ڕەخنەی لە بوونی هێزە بیانیەکان لەسەر خاکی سوریا گرت.

کەناڵی هەواڵی سوریا وتی کۆبوونەوەکەی شەوی دووشەممە درێژخایەن بووە و دوابەدوای کۆبوونەوەکەی پوتن و ئەسەد، کۆبوونەوەیەکی دیکە لەنێوان وەزیری دەرەوەی سوریا و وەزیری بەرگری ڕوسیادا ئەنجامدراوە.

بەپێی کەناڵی سوریا لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا پوتن و ئەسەد تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیان کردووە و هەروەها باسیان لەشەڕییان دژی تیرۆر و گەشەکردنە سیاسییەکانی ناوخۆی سوریا کردووە.

بەپێی بەیاننامەکەی کرێملن، پوتن بە ئەسەدی وتووە " بە بۆچوونی من کێشەی سەرەکی ئەوەیە هێزە چەکدارە بیانیەکان بەبێ مۆڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و تۆ لە هەندێک لە ناوچەکانی وڵاتەکەدا بوونیان هەیە."

پوتن " هەوڵە هاوبەشەکانی " نێوان سوریا و ڕوسیای لە ململانێکاندا بەرزنرخاند و وتی هێزە سەربازییەکانیان زۆرینەی ناوچەکانی سوریایان خستۆتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەت.

بەڵام کۆمەڵێک ناوچەی گرنگ هێشتا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا نین، هێزەکانی تورکیا لە زۆر شوێنی باکوور و باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە بڵاوکراونەتەوە، کە دوایین پەناگەی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە، هەروەها ئەمەریکیەکانیش لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی ژێر دەسەڵاتی کوردەکاندا بوونیان هەیە.

بەشار ئەسەد بە پوتنی وت " سەربەرزییە " لە مۆسکۆ کۆبۆتەوە لەگەڵیدا، هەروەها " سەرکەوتنە گرنگەکانی " هێزەکانیشیانی بەرزنرخاند، بە ئەرکە هاوبەشەکانیشیانەوە بۆ " گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانەی کە ناچار بوون بەهۆی شەڕەوە ماڵ و نیشتیمانیان جێبهێڵن."

لەم هەفتانەی دواییدا ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگیەکانی ڕوسیا بۆردومانی باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای ئیدلبیان کردووە، کە دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنە لە سوریادا. نزیکەی چوار ملیۆن خەڵک لەو ناوچەیەدا دەژی و زۆرینەیان ئاوارە بوون.

سەرۆکایەتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا وتی وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقداد و وەزیری بەرگری ڕوسیا سێرگەی شوێگۆ بەشدارییان لە گفتوگۆکانی نێوان پوتن و ئەسەددا کردووە.

سەرۆکایەتی سوریا ئاماژەشی بەوەدا هەردوولا باسیان لە گرنگی گەیشتن بە ڕێکەوتنێک کردووە " لەنێوان سورییەکاندا بەبێ هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی."

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا پوتن و ئەسەد تاوتوێی " هاریکارییەکانی نێوانیان کردووە لەڕووی ئابوورییەوە." بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەو بابەتە نەخستەڕوو.





ئەم هەواڵە 817جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad