English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە ئەمریکا لە پاشماوەی خۆراک پەین و وزە بەرهەمدەهێنرێت
2021-12-10 [07:29 AM]

ZNA:هەولێر


بەپێی پلانێکی ریسایکلینی خۆراک بە مەبەستی کەمکردنەوەی گازی میسان کە لە زەوییەوە دەنێردرێتە کەشی هەوا، لەوە بەدواوە لە کالیفۆرنیا رێگە نادرێت توێکڵی مۆز، ئێسکی مریشک و سەوزە فرێ بدرێت و دەبێت لە تەنەیەکی زبڵی تایبەتدا کۆبکرێتەوە. 
 
نزیکەی 40٪ی خواردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێتە پاشماوە و وەک زبڵ دەخرێتە ژێر خاک. 15٪ی گازی میسان کە تێکەڵ بە هەوا دەبێت لە رێگەی ئەو پرۆسەیەیە.
 
لە مانگی یەکی ساڵی داهاتووەوە بەرپرسانی لۆکاڵی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەمریکا دەبێت پلان و دامەرزراوەکانی تایبەت بە ریسایکلینی پاشماوەی خۆراک ئامادەبکەن. ئامانج ئەوەیە لە جیاتی ئەوەی پاشماوەی خۆراک لە ژێرخاکدا بشارێتەوە، پەین و وزەی لێ بەرهەمبێت. بۆ ئەو مەبەستە بەرپرسانی شارەوانی پابەندن بەوەی کە تەنەکەیەکی تایبەت بە پاشماوەی خۆراک لە تەنیشت تەنەکەکانی دیکەی زبڵ دەستەبەربکەن بۆ هاووڵاتیان.
 
رامین یەزدانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەڕێوەبردنی زبڵ و خاشاک دەڵێت، "هەموو زبڵەکان لە بەشێکی تایبەتدا چارەسەردەکرێن. ئەگەر ماددەی دیکەیان تێدا بێت لادەبردرێن و دەهاردرێن. پاشماوەکانی خۆراک دەکرێنە پەین و بازاڕیان بۆ دەدۆزرێتەوە. ئێمە بەرنامەیەکیشمان هەیە کە خێزانەکان سەردانمان بکەن و پەینمان لێوەرگرن. مەبەستمان ئەوەیە پاشماوەی خۆراک لە ژیر خۆڵ نەشارینەوە هەڵیبگرین بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو چارەسەری بکات."
 
جۆی کلینبێرگ، خاوەن ماڵ دەڵێت، "ئەمە بە راستی ئاسانە. ئەوەی کە پێویستە بیکەی ئەوەیە کە شتەکان لە کوێ فڕێ بدەی. بەس زبڵدانێکی دیکەت بۆ زیاد دەبێت. هەر ئەوەیە. من خۆشحاڵم کە دەتوانین کاریگەری دروستبکەین بەبێ ئەوەی ناچار بین ئەوەندە شێوازی ژیانمان بگۆڕین."
 
یاسای چارەسەرکردنی پاشماوەی خۆراک لە ساڵی 2016 لە کالیفۆرنیا پەسندکرا. بەڵام هێشتا ئەم پرۆژەیە لە قۆناخی پەرەپێدانە و زۆربەی کارگەکانی بەرهەمهێنانی پەین لە شارەکانی وەک لۆس ئەنجلۆس و سان دیێگۆ و شارە بچووکەکانی دیکە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا ئامادە نین بۆ وەرگرتنی هەموو پاشماوی خۆراکی هاووڵاتیان.
 
نێد سپانگ، مامۆستای زانکۆی کالیفۆرنیا دەڵێت، "کەمێک کات و راهێنان و پەروەردەکردنی خەڵکی دەوێت تاوەکو رابێن لەسەر شتە نوێیەکان. ئەمە زۆر گرنگە. بە بۆچوونی من دەبێت چیرۆکی بەکارهێنانی ماددە خۆراکییەکان وەها بگێڕینەوە، بە چەشنێک کە بازنەی بەکارهێنان تەواوبکەین. ئەوەش ئەمەیە، خۆراک لە زەوییەوە دێت، ئێمەش دەبێت بیگەڕێنینەوە بۆ زەوی."
 
پیشەسازیی ریسایکلین لە جیهاندا بەباشی لە بواری ریسایکلینگی ماددەی قورسی ناو زبڵ وەک پلاستیک پەرەی پێدراوە، بەڵام بەرهەمهێنانی وزە و پەین لە پاشماوەی خۆراک بە پیشەسازییەکی نوێ ئەژماردەکرێت، کە خزمەتێکی گەورەی ژینگە دەکات.





ئەم هەواڵە 1351جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad