English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
راوێژکارێکی کازمی: نرخی نەوت لە بودجەی 2022دا بە 50 دۆلار خەمڵێندراوە
2022-01-16 [08:23 AM]

ZNA-هەولێر


راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند؛ لە پرۆژە یاسای بودجەی 2022دا نرخی بەرمیلێک نەوت بە 50 دۆلار خەمڵێندراوە و رەنگە بنمیچی خەرجکردن لە بودجەی ساڵی 2022 بەراورد بە بودجەی 2021 بەڕێژەی 10٪ زیاد بکرێت، "بەڵام خاڵی باشی بودجەی ئەمساڵ ئەوەیە کە پشت بە بەرنامەی پڕۆژەکان دەبەستێت، واتا کۆمەڵێک پڕۆژە دەخرێنە پێش پەرلەمان، ئەو پڕۆژانە و بودجەکانیان بۆ ساڵانی داهاتوو پەسند دەکرێن".
 
دکتۆر موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، ئەمڕۆ یەکشەممە 16-01-2022، راگەیاند: "سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق لە ساڵی 2022، بە بۆچوونی من جیاوازییەکی بنچینەیی نییە لە رووی داڕشتنی ئەو بودجەیەوە، بە تایبەت لە بنمیچی خەرجکردندا، کە رەنگە 10٪ زیاد بکرێت، چونکە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 50 دۆلار خەمڵێندراوە، لە کاتێکدا هەناردەمان رۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیلە".
 
سەبارەت بە کورتهێنانیش، ئەو راوێژکارە دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە کورتهێنانێکی خەمڵێندراوی دەبێت، رەنگە ئەو کورتهێنانەش کەمتربێت لەو کورتهێنانەی کە ئێستا هەیە، بە بڕی ئەو 5 دۆلارەی کە لە خەمڵاندنی نرخی نەوتدا زیادکراوە بەراورد بە نرخی خەمڵێندراوی نەوت لە ساڵی 2021دا، کە نرخی نەوت بە 45 دۆلار خەمڵێندرا، ئەوە جیا لەوەی کە بڕی نەوتی هەناردەکراو لە ساڵی 2022 بەراورد بە بڕی نەوتی هەناردەکراو لە ساڵی 2021 زیاتر بووە".

دکتۆر موزهر محەممەد ساڵح گوتیشی: "خاڵی باشی ئەم بودجەیە ئەوەیە پشت بە بەرنامەی پڕۆژەکان دەبەستێت، واتا کۆمەڵێک پڕۆژە دەخرێنە بەردەم پەرلەمان، ئەو پڕۆژانە پەسند دەکرێن و بودجەکانیان بۆ ساڵانی داهاتوو پەسند دەکرێن و ساڵانە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەکە هەموار دەکرێن، لە جیاتی پێدانی بڕێک پارە کە دابەش دەکرێتە سەر کۆمەڵێک پڕۆژەی وەستاو، بە بڕوای من ئەوە گۆڕانە ریشەییەکەیە کە روودەدات، بەڵام لە ئاستی بودجەی کارپێکردن، ئەوا ئەو بودجە نەگۆڕە و پێموانییە زۆر بگۆڕێت".
 
سەبارەت بە دەرکردنی عێراق لە لیستی وڵاتە مەترسیدارەکان لە رووی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، کە لە 08-01-2022 راگەیێندرا، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە دەکات: ئەو بڕیارە و بڕیارەکانی هاوشێوەی ئەو بڕیارە سێ کاریگەری ئەرێنییان هەیە، یەکەمیان ئاماژەی ئەرێنی دەدات بۆ هاتنی سەرمایەی بیانیی بۆ کارکردن لە عێراق، دووەمیان ئاسانکاری دەکات بۆ جووڵەی پارە لە عێراقەوە بۆ دەرەوە و لە دەرەوە بۆ عێراق لە رێگەی سیستمی بانکیی و بەبێ کۆت و بەند، سێیەمیان توانا دەبەخشێتە بانکە عێراقییەکان بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ بانکە ئەوروپی و جیهانییەکاندا بکەن".

rudaw





ئەم هەواڵە 637جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad