ZNA- ھەولێر
بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، کەشتیی سەربازیی مۆسکڤا، کە 12 هەزار و 490 تۆن کێشەکەی بوو دوای ئاگرکەوتنەوەیەک لە بەشی چەک و تەقەمەنیی کەشتییەکە لەنێو دەریای رەشدا ژێرئاو کەوت.
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، بە مووشەکی دروستکراو ئۆکراینی بە ناوی نێپتۆنەوە کەشتییەکیان کردووەتە ئامانج، رووسیاش لەو بارەوە دەڵێت، هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەریان و کەشتییەکە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەک گڕی گرتووە.
هاوکات بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ئاشكرای كرد، لە دوای ئاگرەگەی کەشتیی مووشەکهاوێژی "مۆسکڤا"، رووسیا کەشتییە جەنگییەکانی له باکووری دەریای رەش لە کەناراوەکانی ئۆکراینا دوورخستەوە و بۆ باشووری دهریاكه كشاندوونیهتهوه.
بەرپرسەکەی پێنتاگۆن، لە میانی ھەڵسەنگاندنی بۆ جەنگی رووسیا-ئۆکراینا بۆ گرووپێک له رۆژنامەوان ئاماژەی بەوە کرد، ھێشتا نەیانتوانیوە ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگر لەسەر کەشتیی مووشەکهاوێژی مۆسکڤا سەر بە کەشتیگەلی رووسیا، پشتڕاست بکەنەوە.
ئەم هەواڵە 652جار خوێندراوەتەوە |