ZNA - ههولێر
وەزارەتی بەرگری بهریتانیا وتی زۆرینەی ئاسمانی ئۆکرانیا لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا ماوەتەوە، وتیشی ڕووسیا شکستی هێناوە لەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا لەناوببات یاخود بەسەر سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتەدا زاڵ بێت.
وەزارەتەکە وتی " ڕووسیا زۆر بە کەمی دەتوانێت بچێتە ئاسمانی باکوور و ڕۆژئاوای ئۆکرانیاوە، ئەمەش بووەتە هۆی سنووردارکردنی هێرشەکانی."
وتیشی " هێزی ئاسمانی ڕووسیا بەشێوەیەکی سەرەکی سەنگی خستۆتەسەر ئاسمانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، پشتیوانی لە هێزە پیادەکانی ڕووسیا دەکەن لەو ناوچانەدا."
هەواڵگری سەربازیی بهریتانیا وتی ڕووسیا بەردەوامە لە بە ئامانجکردنی ژێرخانە سەربازییەکانی ئۆکرانیا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.
هەروەها باسی لەوەش کرد مەترسییەکی زۆری کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی هەیە، وتی ڕەنگە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا بۆ سەر شاری ماریوپۆڵ لەڕێی موشەکی نائاڕاستەکراوەوە بووبێتن.
وتی " ئەم چەکانە توانای ڕووسیا بۆ جیاکردنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هێرشە ئاسمانییەکانیاندا کەم دەکاتەوە، مەترسی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی زیاتر دەکات."
ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ هەواڵەکە پشتڕاست بکاتەوە.
ئەم هەواڵە 436جار خوێندراوەتەوە |