ZNA - ههولێر
بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى چەرمو بەڕێوەچو، کە (د. هەڵەت ڕەشید) لە شوێنى (د. سەڵاح ڕەزا) وەک سەرۆکى نوێى زانکۆى چەرمو لە چەمچەماڵ دەستبەکاربو.
دوێنێ چوارشەمە ڕێکەوتى (2022/6/15) لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبونى قائیمقامى چەمچەماڵ و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرى گشتى دیوان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و ستافى ئەنجومەنى زانکۆى چەرمو و مامۆستایان و یەکە ئیدارییەکانى سنورەکە، ڕێوڕەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى چەرمو بەڕێوەچو.
لەو ڕێورەسمەدا، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى ئەوەى هەوڵ و کارەکانى سەرۆکى پێشوى زانکۆى چەرموى بەرز نرخاند کە بەشێکى زۆرى کارەکانی تەرخانکرد بۆ خزمەتکردنى زانکۆ و پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و سنورەکە، داواى لە ستافى زانکۆ کرد وەک یەک تیم هاوکار و پشتگیرى سەرۆکى نوێى زانکۆ بن بۆ جێبەجێکردنى ئەرکە زانستییەکان. لەو چوارچێوەیەشدا پشتگیرى و پاڵپشتى وەزارەتى بۆ سەرۆکى نوێى زانکۆى چەرمو دوپاتکردەوە.
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: چیرۆکى خستنەسەرپێى زانکۆى چەرمو جیاوازەو بە زۆر هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە، لەماوەى حەوت ساڵى تەمەنیدا سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ توانیویانە ڕوبەڕوى بەربەست و قەیرانەکان ببنەوە، سەرەڕاى ئەمانەش لەو ماوەیەدا توانرا بۆڵۆنیا پرۆسێس وەک سیستمێکى نوێى خوێندن لە زانکۆى چەرمو جێبەجێ بکرێت و ببێتە سەر مەشقى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ پیادەکردنى ئەم سیستمە.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا لە ڕێوڕەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى چەرمو، د.ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: جگە لەوەى شارى چەمچەماڵ بەشارى سەهیدان و ئەنفال ناسراوە، لە هەمانکاتیشدا لە ئێستادا بە زانکۆى چەرمو و پێگە زانستییەکەشى دەناسرێتەوەو لەسەر نەخشەى ئەکادیمیایى جیهانى و ڕیزبەندى زانکۆکاندا پێگەى دیارو شایستەیە.
لەبارەى کرانەوەى زیاترى زانکۆکان بەڕوى دونیاو پێشکەوتنەکانى سێکتەرى خوێندنى باڵا، وەزیرى خوێندنى باڵا ستافى زانکۆکەى ڕاسپارد سود لە ئەزمون و شارەزایى وڵاتانى دونیا وەربگرن بۆ ئەوەى باشتر ئاستى زانکۆ لە پێشکەوتندا بێت، وەک چۆن سەربارى گرفت و کێشەکان زانکۆکانمان توانیویانە لەڕیزبەندە جیهانییەکاندا پێش بکەون و چاوەڕوانیشمان لێتان ئەوەیە هەنگاوى باشتر بنێن.
دواتر هەریەک لە د. سەڵاح ڕەزا سەرۆکى پێشوى زانکۆ و د. هەڵەت ڕەشید سەرۆکى نوێى زانکۆى چەرمو، لە دو وتەى جیادا وێڕاى سوپاسگوزارى، ئاماژەیان کرد بە پێگەو ئاستى زانستى زانکۆ و ئەو هەوڵانەى لەماوەى چەند ساڵى ڕابردو بۆ سەرکەوتنى زانکۆى چەرمو دراوە. بەڵێنیاندا هەمیشە خەمخۆرى پرۆژە زانستییەکانى زانکۆ و ئاستە زانستییەکەى بن.
ئەم هەواڵە 229جار خوێندراوەتەوە |