English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لەکاتی حاڵەتی سکچوون و ڕشانەوە باشترن خۆراك چیە بخورێت
2022-06-21 [10:08 AM]

ZNA : هەولێر


ئامادەکردنی د.پروشە شوان- پزیشکی گشتی - پسپۆڕی خۆراک و کێش ئەم پەتا توندەی سکچوون و ڕشانەوە ئیستا بوونی هەیە لەناوهاوڵاتیاندا بڕێکی زۆر شلەمەنی و کانزا لە جەستە دەکاتە دەرەوە. زۆر گرنگە قەرەبووی لەدەستدانی شلەمەنی و کانزاکان بکرێتەوە و دوور بکەویتەوە لە وشکبوونەوە. هەموو شلەمەنییە سروشتییەکان و میوە و سەوزەکان دەبێت لە خواردنەکاندا جێبکرێنەوە بەڵام بەم شێوانەی لێرەدا باس ئەکرێت. لە کاتی توشبوون بە پەتای سکچوون و ڕشانەوە: ئەو خواردنانەی لە کاتی توشبوون بەم پەتایەدا هەڵیدەبژێریت ئەبێت ئاسان بێت بۆ هەرسکردن، سووک بێت لەسەر گەدە و باشتر وایە دوربیت لە بەکارهێنانی ڕۆنی ناتەندروست و بەهاراتی تیژ و زیادە. پێویستە ژەمەکان لە شێوەی شۆربای مریشک بێ زیادکردنی زەیت یان شۆربای سەوزاواتی کوڵاو و نەعنا یان نیسک یان برنجی نەرمکراوی بێ ڕۆن بێت. ڕۆژانە نەخۆشەکە پێویستی بە دوو لیتر یان زیاتر ئاو هەیە بە شێوەی پەرداخ پەرداخ یان هەندێک حاڵەت قوم قوم بێت چونکە پێویستە ئاگاداری ئەوە بین کە زۆر خواردنی شلەمەنی و ئاو زۆر بەسەریەکەوە و لە یەک کاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشەکە هەست بە دڵتێکهەڵاتن یان ڕشانەوەی زۆر بکات ، لەم کاتەدا یان بە قوم زوو زوو بیخواتەوە یاخود دەتوانرێت بە شێوەی پارچە سەهۆڵ بمژرێت بۆ کەمکردنەوەی پلەی گەرمی وهەروەها بۆ بۆ کەمکردنەوەی هەستی دڵتێکەڵهاتن. ئەوەی گرنگە کە لە سکچون و ڕشانەوە بیرمان بێت خواردنی ئەو خۆراکانەیە کە بە پۆتاسیۆم دەوڵەمەندن گرنگترینیان: ئەڤۆگادۆ، شووتی، قەیسی، هەنار، پرتەقاڵ، مۆز، تەماتە، سپێناخ ، خەیار، پەتاتە، چەوەندەر ، نیسک، و ماسی و چەندین سەرچاوەی تر. ماست-یش سەرچاوەیەکی باشی پۆتاسیۆمە بەڵام هەندێک جار ڕەنگە ببێتە هۆی سک ئاوسان و نارەحەتی بۆ نەخۆشەکە. یەکێک لەو گیراوە گرنگانەی بۆ ئەم پەتایە دەتوانرێت لە سەرەتای نەخۆشیەکە سوودی لێببینرێت بریتیە لە ((پەرداخێک ئاوی شلەتێن لەگەڵ نیو لیمۆی گوشراو و کەوچکێک هەنگوینی سروشتی، کەوچکێکی چا لە خوێ.)) (ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە باشتر وایە زۆر کەم ئەم ڕێگایە بەکاربهێنن و لە زووترین دەرفەتدا سەردانی نەخۆشخانە یان پزیشکەکەیان بکەن چونکە نەخۆشانی شەکرە زیاتر و زووتر لە کەسانی تر وشکدەبنەوە لە حاڵەتی سکچون و ڕشانەوە) کاتێک سکچون و ڕشانەوەکە لە نەخۆشەکەدا زیاد دەکات و ئاوی لەش زۆر کەم دەبێتەوە و توشی وشکبونەوە دەبێت، پێویستە سەردانی نەخۆشخانە و پزیشک بکات بۆ چارەسەری کتوپڕی قەرەبووکردنەوەی لەدەستدانی شلە و خوێ و کانزاکان لە جەستەدا. ئەو کەسانەی کە مەترسی وشکبونەوەیان زیاتر لەسەرە: بە گشتی ئەم پەتایە ئەگەری وشکبوونەوەی زۆرە لە زۆرینەی کەسەکاندا، بەڵام ئەم کەسانەی لای خوارەوە ئەبێت زیاتر ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن و با زوترین کات سەردانی پزیشک بکەن لە کاتی زیادبوونی نیشانەکان: ۱-منداڵان ۲-کەسانی بە تەمەن ۳-نەخۆشانی نەخۆشیە درێژخایەنەکان وەک نەخۆشانی شەکرە، نەخۆشییەکانی گورچیلە، کێشەکانی گەدە و ڕیخۆڵە، بەکار‌هێنەرانی هەندێک دەرمان بەتایبەتی نەخۆشیە درێژخایەنەکان ٤-ئەوکەسانەی کە کارەکانیان کاری قورس و لەبەر خۆردا کاردەکەن دەکەن. ئەم پەتا بڵاوەی سکچون و ڕشانەوە ئەگەر گومانی کۆلێرا بێت یان هەر پەتایەکی تر، هاوڵاتی پێویستە ڕێوشوێنی خۆپارێزی و پاکو خاوێنی بگیرێتە بەر: ۱- لە حاڵەتەکانی کەمترین گومان لە پیسبوونی ئاو دەبێت پێش بەکارهێنانی بکوڵێنرێ بۆ مەبەستی خواردنەوە و چێشت لێنان ۲-پێویستە هەموو خۆراکەکان بە داپۆشراو ڕابگیرێن و ؟۳-سەوزە و میوەکان پێش خواردنیان زۆر بە باشی بشۆرێتەوە و پاکبکرێتەوە بە دانانی بۆ ماوەیەک لەناو خوێ یان سرکە یان گیراوەی تایبەت ٤-دڵنیابە لەوەی کە ئەو خۆراکە لە سەرچاوەیەکی پاک و بە ئاوی پاک بەرهەم هێنراوە. ٥-لەم ماوەیەدا دووربکەوەرەوە لە خواردنی ساردەمەنیەکان و شەربەتە دروستکراوەکانی کە دڵنیانیت لە پاکوخاوێنی ئاوی بەکارهاتو. ٦- دوورکەوتنەوە لە هەموو سەوزە نەکوڵاوەکان، ۷-دەستشتنی باش بەتایبەتی پێش نان خواردن و دوای بەکار‌هێنانی توالێت. ۸- مامەڵە نە کردن لەگەڵ خواردنە نەشۆراوەکان هەروەها ۹-خۆ بەدورگرتن لە هەموو بەرکەوتنەکان لەگەڵ کەسانی نەخۆشدا





ئەم هەواڵە 214جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad