|
ZNA:هەولێر دەستەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، رێژەی هەڵاوسان 2.39% و رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە بۆ 19.89% بەرزبووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی "گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان-ENAG " رێژەی هەڵاوسان لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا 6.90% و رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەش بۆ 49.87% بەرزبووەتەوە.
دەستەی ئاماری تورکیا ئەمڕۆچوارشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2021، قەبارەی هەڵاوسانی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان وادە لە ساڵی 2020دا، هەڵاوسان بە رێژەی 2.39% بەرزبووەتەوە و هەڵاوسانی ساڵانەش کە مانگی پێشووتر 19.58% بوو، بۆ 19.89% بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی دەستەی ئاماری تورکیا، لە مانگی تشرینی یەکەمدا کەمترین هەڵاوسان بەراورد بە هەمان وادە لە ساڵی2020دا بە رێژەی 5.29% لە کەرتی پەیوەندیکردن، بە رێژەی 7.88% لە خواردنەوە کحولییەکان و بەرهەمەکانی تووتن، بە رێژەی 8.08% لە پۆشاک و پێڵاو، بە رێژەی 13.12% لە کەرتی ئاهەنگ و کولتوور تۆمارکراوە.
لە بەرامبەردا زۆرترین هەڵاوسان بەگوێرەی ریزبەندی بە رێژەی 27.41% لە نرخی خۆراک و خواردنەوە ناکحولییەکان، بە رێژەی 25.23% لە نرخی چێشتخانە و هۆتێلەکان و بەڕێژەی 23.03% لە کەلوپەلی ناوماڵ تۆمارکراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە پێشبینی دەکرا هەڵاوسانی چاوەڕوانکراو لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ 2.6% بێت و هەڵاوسانی ساڵانەش بگاتە 20.2%.
لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی راپۆرتی "گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان"بێت کە هەر ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا 6.90% و رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەش بۆ 49.87% بەرزبووەتەوە.
ئەم هەواڵە 1456جار خوێندراوەتەوە |