ZNA:هەولێر ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ئامانجی بەغدا ئەوەیە بازاڕی وزە سەقامگیر بێت و بەر لە کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس خوێندنەوە بۆ دۆخی بازاڕ دەکەن، کە بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە رایگەیاند، وەک ئەندامێکی سەرەکی رێکخراوی ئۆپێک بەردەوام کار لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوت دەکەین، ئاماژەی بەوەشدا لە نزیکەوە چاودێری دۆخی بازاڕ دەکەن، لە کۆبوونەوەی ئاسایی رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی تاوتویی هاوسەنگی بازاڕ دەکەن، تاوەکو بڕیاریکی گونجاو بدەن.
ئاشکراشی کرد، هیچ زانیارییەکیان نییە لەسەر بەردەوامی زیادکردنی بە بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ هەر مانگێک، بەڵکو وڵاتانی ئەندام چاوەڕێی راپۆرتەکانی توێژینەوە و خوێندنەوەی بازاڕ دەکەن، تاوەکو دیدگایەکی روون دروست بێت و کە شارەزایانی هونەری پێشکەشی دەکەن.
لەسەرەتای ئەم مانگە هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا، لەسەر رێککەوتنی خۆیان بەردەوام دەبن و بۆ مانگی کانوونی یەکەمیش رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی زیادە دەخەنە بازاڕەوە.
ئەم هەواڵە 736جار خوێندراوەتەوە |