ZNA - هه‌ولێر رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، موقته‌دا سه‌در، به بۆنه‌ی راگه‌یاندنی كوتله‌ی هاوپه‌یمانی رزگاریی نیشتمان، پیرۆزبایی له گه‌لانی عێراق كرد.
موقته‌دا سه‌در له تویتێكدا نووسیویه‌تی: پیرۆزبایی له گه‌لی عێراق ده‌كه‌م به بۆنه‌ی راگه‌یاندنی كوتله‌ی زۆرینه و راگه‌یاندنی ناوی پاڵێوراوانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه، ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستهاتووه، ده‌ستكه‌وتێكی بێوێنه و گرنگه بۆ رزگاركردنی نیشتمان و هیوادارم پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمان بێ دواكه‌وتن به‌دیبێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا سه‌در هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه، كه ده‌سته‌وه‌ستان نابێت، ئه‌گه‌ر كاره‌ساته‌كانی پێشوو دووباره ببنه‌وه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (23ی ئازار/ مارسی 2022) له به‌غدا به به‌شداری پارتی و كوتله‌ی سه‌در و سیاده، "هاوپه‌یمانی رزگاری نیشتمان" راگه‌یه‌ندرا.
سه‌رۆكی كوتله‌ی سه‌در، حه‌سه‌ن ئه‌لعه‌زاری، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، هاوپه‌یمانی رزگاری نیشتمانی، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌ك پاڵێوراوی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر محه‌مه‌د باقر ئه‌لسه‌در وه‌ك پاڵێوراوی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ناسێنێت.
بڕیاره رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو، دانیشتنی نوێنه‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری نوێی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، پشتیوانی هاوپه‌یمانی رزگاری نیشتمانی به‌ده‌ستهێناوه و ئه‌و هاوپه‌یمانییه زۆرترین كورسی نوێنه‌رانی هه‌یه.
دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرا، به گوێره‌ی ده‌ستوور سه‌رۆك كۆمار پاڵێوراوی كوتله‌ی زۆرینه كه هاوپه‌یمانی رزگاری نیشتمانه راده‌سپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت.

ئەم هەواڵە 2518جار خوێندراوەتەوە |