ZNA - ههولێر بەسەرپەرشتى و ئامادەبونى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین و بەڕێوەبەرانى گشتى و مامۆستایان و فەرمانبەران، لە ڕێوڕەسمێکدا ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (2022/5/9)، د. ئیدریس محمد هەرکى لە جێگەى د. کاوە عبدالکریم شێروانى وەک سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر دەستبەکاربو.
لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى سەرۆکى پێشوى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێرى کرد کە بەشێکى زۆرى ژیانی تەرخانکرد بۆ خزمەتکردنى زانکۆ و پەرەپێدانى کەرتى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و پێشخستنى ئاستى زانستى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر، بۆ ئەمەش ڕایسپارد هاوکارى سەرۆکى نوێى زانکۆ بێت بۆ جێبەجێکردنى ئەو ئەرکە نیشتمانییەى کە لەم قۆناغەدا لە ئەستۆى دامەزراوەکەدایە.
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى بۆ سەرۆکى نوێى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر خواست و ڕایگەیاند: هاوکارو یارمەتیدەرتان دەبین بۆ سەرخستنى پرۆژە زانستییەکانتان و پێشخستنى زیاترى زانکۆ لەگشت ڕوێکەوە.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە لەماوەى سێ ساڵى ڕابرودا سەربارى گرفت ئاڵنگارییەکان توانیمان لەسەر پێى خۆمان بوەستین و پێکەوە ڕوبەڕوى هەمو ئەو گرفت و قەیرانانە ببینەوە کە لە ئەنجامى دەرهاویشتەکانى پەتاى جیهانى کۆرۆناو دۆخى سیاسى و ئابورى هاتەڕێمان، بۆ ئەمەش وتى: بەیەکەوە وەک تیمێک توانیمان بەسەر ئاستەنگەکان زاڵ بین و سێکتەرى خوێندنى باڵا و پرۆسەى خوێندن بپارێزین.
لە کۆتایى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى کردەوە پێویستە هەمو لایەک هاوکار بین تا زانکۆکان وەک ناوەندێکى ئەکادیمى و دور لە دەستێوەردانى حزبى کارەکانى خۆیان ڕابپەڕێنن و ئەولەویەتیان پێخستنى ئاستى زانکۆکانى کوردستان بێت.
لەلایەن خۆشیەوە هەریەک لە د. کاوە شێروانى و د. ئیدریس هەرکى لە دو وتەى جیادا پشتیوانى خۆیان بۆ سەرکەوتن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆى پۆلیتەکینکى هەولێر دوپاتکردەوەو ڕایانگەیاند: بە یەک تیمى و گیانى لەخۆبوردویى دەتوانین زاڵ بین بەسەر تەواوى کێشەکان و گەیشتن بە چارەسەرى گونجاو بۆ لەمپەرەکانى بەردەم سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان.
ئەم هەواڵە 1531جار خوێندراوەتەوە |