ZNA - هه‌ولێر دوێنێ چوارشەمە رێکەوتی (١١/٥/٢٠٢٢) بە ئامادەبونی نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی، د. ژاڵە سعید خطاط بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان، لە هۆڵی زانست لە زانکۆی زاخۆ شەشەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دەستیپێکرد کە بۆ ماوەی دو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و نزیکەی (٩٠) توێژینەوە لەلایەن توێژەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان پێشکەش کراوە، لە بوارەکانی فۆلکلۆری کوردی و ئەدەب و زمان و مێژو و چڤاک و کەلەپور.
لەسەرەتاى کۆنفرانسەکەدا وتەی د. ناظم سلێمان سەرۆکی زانکۆی زاخۆ پێشکەشکرا، دواتر د. ژاڵە سعید خطاط وتەیەکی پێشکەش کرد کە تیایدا دواى گەیاندنى سڵاو و ڕێزی وەزیری خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی بە ئامادەبوانی کۆنفرانسەکە دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە کرد.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوەو پەرەپێدان ڕایگەیاند: زمانە مرۆييه‌كان و خوێندنیان سەنگێکی زۆر گرنگیان هەیە لە ژیانی مرۆڤدا‌و به یەکێک لە كۆڵه‌كانى پەیوەندی و تێکەڵبونی کۆمەڵایەتی لەنێوان مرۆڤەکاندا داده‌ندرێن، هه‌ر لەسەر بنەمای زمان و ئەدەبی زارەکی و گۆڕینیان بۆ سیمبوله‌كانى نووسین، یەکەمين گروپه کۆمەڵایەتييه‌كان لە میزۆپۆتیمییا (دۆڵى دو ڕووبار) هاتنه كايه‌وه، هه‌ر له‌پێناو پاراستنيشيان نزیکەی هه‌شت هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و تا ئه‌مڕۆش دامەزراوە پەروەردەيى و فێركارييه‌كان و بونيادنانه مرۆييه‌كان داده‌مه‌زرێن، له‌به‌رئه‌وه‌ى کەلتوور و زمان و ئه‌ده‌بيات و دواتريش ئينتماى مێژويى به‌هادارترين سەرچاوە مرۆییەکانى كۆمه‌ڵگه‌ن، به‌جۆرێك ونبونیان به‌واتاى لەدەستدانی یادگه‌ى کۆمەڵایەتی و تايبه‌تمه‌ندێتى نەتەوەیی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لە ئەنجامی جیهانگه‌رايى و میکانیزمەكانى كه سنور و كه‌لتوره‌كان ده‌به‌زێننن، ده‌بينين ئه‌ده‌بيات و زمانەكان به‌گشتى و به‌تايبه‌تيش زمانه ناجيهانييه‌کان ڕوبه‌ڕوى هەڕەشە ده‌بنه‌وەو له‌وانه‌يه مه‌ترسيى له‌نێوچونيشيان له‌سه‌ر بێ له مه‌وداى درێژدا، به‌جۆرێك كه ئەگەری ئەوە هەیە کۆمەڵگه دەرفەتی پێشکەوتن و سه‌ربه‌خۆيى له‌ده‌ست بدات و ببێته هۆى شێواندنی کەلەپوری كه‌لتوريى و يادگه‌ى به‌كۆمه‌ڵى كۆمه‌ڵگه، ئه‌مه جگه له هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر تايبه‌تمه‌ندێتى شوناسه‌كان و شێوازه‌كانى بيركردنه‌وه و ده‌ربڕين له خودى تاك.
هەر لە وتەکەیدا د. ژاڵە سەعید وتى: لەم نوانگەیەوە، كارى له‌پێشينه‌ى دەوڵەت و دامەزراوەکانی به پله‌ى يه‌كه‌م بریتییە لە هه‌وڵى خوڵقاندنى ناسنامەیەکی گشتگیر بۆ دانیشتوانەکەی، کە تێیدا زمان و ئه‌ده‌بيات و نەریت و که‌لتورەکەیان ده‌پارێزێ لەڕێگەی دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌ييه‌كانى، به‌جۆرێ کار له‌سه‌ر چاندنى به‌هاكانى هاونيشتمانيبون لە قەوارەی تاكه‌كانى کۆمەڵگەکەدا ده‌كا بە ئامانجی دروستکردنی هاونيشتمانيى و ناسنامه‌ى هاونيشتمانیبون كه هه‌مو تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگەو گروپه‌كان له‌يه‌ك كۆده‌كاته‌وەو له قۆناغى پێش ده‌وڵه‌ت (قۆناغى كلاسيكى) ده‌يانگوازێته‌وه بۆ قۆناغى ده‌وڵه‌ت و پرۆژه نوێخوازييه‌كه‌ى.
زیاتر وتیشى: لە تۆژینەوەیەکی ئەکادیمیدا کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لەسەر بەهاکانی هاونيشتمانيبون بڵاوکراوەتەوەو داتاکانی (41) پرۆگرامى خوێندنى له کۆی گشتی 100 پرۆگرامى خوێندن شيكردۆته‌وه، تۆژینەوەکە دەریخستوه کە (دابەزینی گه‌وره لە ئاستی تيشك خستنه سه‌ر بەهاکانی هاونيشتمانيبون تایبەتمەندییەکی زاڵی لەسه‌ر پرۆگرامه‌كانى خوێندن بوه له عێراق، جگه له هه‌رێمى كوردستان. به‌ڵكو به‌هاكانى هاونيشتمانيبون وه‌ك: دادپه‌ره‌وه‌ريى و لێبورده‌يى و لێپرسينه‌وه ته‌نها له 17 شوێن له كۆى 1812ى لاپه‌ره‌ى خوێندنى سه‌ره‌تايى باسى لێكراوه، ئه‌مه جگه له زۆر نزميی ئاستى گشتى ئەم به‌هایانە كه له‌نێوان (1.06- 8.52٪) بوه لە کۆی 5,459 لاپەڕەی کتێبەكانى پرۆگرامى خوێندن).
بۆیە ئەم جۆرە تۆژينه‌وه ئەکادیمیيانە لەبوارە جۆراوجۆرەکانی تۆژينه‌وه مرۆييه‌كان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێویستە کاری زیاتر بکەین بۆ پته‌وكردنى سەرچاوەکانی بەهێزيی شوناسی کورديمان و بەهێزکردنی ئه‌و شوناسه‌ی کە کۆمان دەکاتەوە، بەئامانجی پاراستنی هه‌بونى سیاسیمان و تايبه‌تمه‌ندێتييه‌كانى شوناسيمان كه له نه‌ته‌وەو گه‌لانى ترمان جياده‌كاته‌وه.
بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوەو پەرەپێدان ڕاشیگەیاند: بنه‌ماى پرۆسەی خوێندنی باڵا ئەوەیە کە گرنگی بە كاركردن له‌سه‌ر شوناسى قوتابی و خوێندکار دەدا لەڕێگەی زمان و بەهاو بيروڕا هاوبەشەكان سەبارەت بە خودی مرۆڤ و خێزان و کۆمەڵگه‌و دەوڵەت، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێ لە دیاریکردنی گۆشەکانی بیرکردنەوەی و سه‌ربه‌ستى خۆى و هەروەها پاراستنی باوەڕ و بەها و بۆچونه‌كانى له ئێستا و ئاينده‌دا.
هه‌روه‌ها ئه‌و ديارده و گۆڕانکاریيه نێوده‌وڵه‌تييه خێرايانه‌ى لە جيهانى هاوچەرخی ئێمەدا ڕو دەده‌ن لەساى شۆڕشی ته‌كنۆلوجيا و زانيارييه‌كان، دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا وه‌ك له‌خۆگرى سه‌ره‌كى ئه‌و كه‌سانه‌يه كه كار له‌سه‌ر زمان و ئەدەب و مێژو و فۆلکلۆر ده‌كه‌ن، ده‌خەنه به‌رده‌م چه‌ندين ئاڵنگاريى مه‌زن، کە ڕەنگە دیارترینیان بریتی بێ لە گەڕان به‌دواى بنیادنانی پرده ئەکادیمييه‌كان لەنێوان واقیعی ناوخۆیی و کەلتوری و له‌نێوان چون بەرەو جیهانگه‌رايى و ئاسۆ فراوان و دوره‌ده‌سته‌كانى، هاوکات دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەسەر پلۆرالیزمی فيکری دامه‌زراوه، ئه‌مه‌ش پێويستى به تايبه‌تمه‌ندى نه‌رمى نواندن و خۆگونجاندنه به ئامانجى تێگه‌يشتن له پرسه کۆمەڵایەتییەکان و چاره‌سه‌ركردنيان، به‌جۆرێ لە بەرژەوەندی پاراستنى شيرازه‌ى کۆمەڵایەتی و کەلتوری بێ بەگشتی لە چوارچێوەیەکی هاوسەنگی کارلێککردنێکی پۆزەتیڤ و به‌ئاگا لە داخوازیيەکانی جيهانى ئەمڕۆ و جيهانى سبەی. ئەم جۆرە ئامانجه‌ش هەمیشە لەلایەن وەزارەتەوە هه‌وڵى به‌ديهێنانى بۆ دراوه، بە تایبەتیش لەڕێگەی پێشخستنى ده‌رهاويشته‌كانى خوێندنی باڵا و بایەخى شێلگيرانه‌ى بە تۆژینەوەی زانستی. له‌به‌رئه‌وه‌ى زمان و ئەدەب بە تایبەتی و بواره‌كانى زانستە مرۆييه جۆراوجۆرەکان بەگشتی لە بازنەی بنیاتنانی نەتەوەدا ئاوێته ده‌بن و، ئەو ئاوێنە ڕاستگۆيه‌یە کە ده‌بێته ئامرازى ڕەنگدانەوەی سیمای شارستانییانێتى هه‌ر نەتەوەیەک بە نەتەوەی کوردیشەوە.
لە کۆتایی وتەکەیدا د. ژاڵە سەعید جارێکى دیکە بەناوى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسی هەمو ئەوانەى کرد کە سه‌رپه‌رشتى ڕێكخستن و سەرپەرشتنی ئەم کۆنفرانسەيان كردوه و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامى بۆ خواستن.
ئەم هەواڵە 760جار خوێندراوەتەوە |