English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ڕونكردنەوەیەك لەوەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە بۆ ڕای گشتی
2022-08-09 [06:15 AM]

ZNA_ هەولێر


 

ماوەیەكە لەلایەن كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانی تاوانەكانی جینۆساید و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، پرسیار دەكرێت لەبارەی ڕوفاتی قوربانیانی تاوانەكانی ئەنفال كە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی باشوری عێراق زیندەبەچاڵ كرابوون .
هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئەركی گەڕان بەشوێن چارەنووسی قوربانیانی ئەو تاوانانە و دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و دواتریش هەڵدانەوەیان لەچوارچێوەی تیمی نیشتمانی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی عێراق، بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ژمارە (5)ی ساڵی ( 2006) , هێنانەوەی ڕوفاتی شەهیدەكانی بۆ كوردستان كردۆتە پێشینەی كارەكانی ، لەو چوارچێوەیەشدا لەساڵی (2019) و لەكاتی دۆزینەوەی ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵ لە بیابانی سەماوە و بە دیاریكراوی لەناوچەی (تل الشیخیە)، بەڕێوەبەرایەتی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی وەزارەتمان بەهەماهەنگی دەزگای شەهیدانی عێراق تیمەكانیان ناردە شوێنی گۆڕەكان و بەشداربوون لەهەڵدانەوەی گۆڕەكان و گواستنەوەی ڕوفاتی (171)شەهیدی جینۆسایدکراو بۆ پزیشكی دادی بەغداد بەمەبەستی ئەنجامدانی شیكاری و گرتنەبەری ڕێكارە یاسایی و زانستیەكان و دواتر هێنانەوەیان بۆ كوردستان .
بەڵام بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا (کۆڤید ١٩)ەوە بۆ ماوەیەك ئەو كارە دواكەوت و پاش ڕەوینەوەی ئەو پەتایە وەزارەتمان بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەنديدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، ئامادەكاری پێویستی ئەنجامدا بۆ هێنانەوەی شكۆمەندانەی ڕوفاتەكان و بەخاكسپاردنەوەیان لە زێدی خۆیان .
 بۆ ئەم مەبەستەش جارێكی تر شاندی وەزارەت و پزیشكی دادی هەولێر لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا سەردانی دەزگای شەهیدانی عێراقیان كردوو گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە كرا و بڕیاردرا لەماوەیەكی نزیكدا لەڕێوڕەسمێكی شایستەدا ئەو ئەركە نیشتمانیە بگاتە ئەنجام . 
بەڵام جێی داخە كە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەك بەناوی كەس وكاری قوربانیان نامەی ناڕەزاییان لەگەڕاندنەوەی ڕوفاتەكان دایە دەزگای شەهیدانی عێراق ، كە ڕازی نین بەو ڕێكارانەی پێشتر گیراونەتەبەر بۆ هێنانەوەی رووفاتی شەهیدانی گۆرەبەکۆمەڵەکان و شەهیدانی جینۆسایدكراو گرفتیان بۆ ئەو پڕۆسەیە دروست كرد .
بۆ ئەم مەبەستە بەڕێز وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیران كرد و تیایدا گفتووگۆی چڕوپڕ لەم بارەیەوە كرا و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان جەخت لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی ئەو ڕوفاتانە دەكاتەوە كە ژمارەیان (171)ڕوفاتە و هەموو ئامادەكاریەكیشی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامداوە و هەوڵەكانیش بەردەوام دەبێت بۆ هێنانەوەی ئەو ڕوفاتانە . 

    وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان
                                               9/8/2022





ئەم هەواڵە 610جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad