ZNA - ههولێر
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، محەمەد شیاع سووانی لە پەراوێزی کارەکانی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی کە لە سعوودیە بەڕێوەچوو، لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی کۆبووەتەوە، تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئۆکراینایان کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و شێوازەکانی ئاراستەی هاوکاری لەو بوارانەی کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوولا دەکەن، باسکران.
لەبارەی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیاوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەکردووەتەوە کە پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە پشت بە هەنگاوی دیپلۆماتی ببەسترێت و دەرفەت بەدیاڵۆگ بدرێت لەپێناو گەیشتن بە چارەسەریەکی ئاشتیانە و بەرپابوونی ئاشتی و ئارامی و دوورکەوتنە لە ئاڵۆزی زیاتر.
لای خۆیەوە سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدان بە هەماهەنگی لەنێوان هەردوو وڵات و شێوازەکانی پتەوکردنی لەبوارە جیاجیاکان روونکردەوە و بانگێهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ ئەوەی سەردانی ئۆکراینا بکات.
هاوکات ستایشی رۆڵی سەرەکی عێراقی کرد و هەوڵەکانی بۆ پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا بەرزنرخاند.
ئەم هەواڵە 442جار خوێندراوەتەوە |