ZNA - هەولێر
ئەمینداری گشتی یەکێتی عەرەبی بۆ گواستنەوەی وشکانی، رایگەیاند، یەکگرتنی ئابووری نێوان میسر، ئوردن و عێراق هاندەرێکە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا، ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی سێ قۆڵی نێوان وڵاتان مۆدێلێکە بۆ کردەوەی هاوبەشی عەرەبی لە هەموو کەرتەکان، بە کەرتی گواستنەوەی وشکانیشەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە،24-5-2023، مالیک حەداد، ئەمینداری گشتی یەکێتی عەرەبی بۆ گواستنەوەی وشکانی بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، چەندین ڕێککەوتنی سێ قۆڵی لە نێوان قاهیرە و عەممان و بەغدا هەیە کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ڕاکێشانی وەبەرهێنان لە هەرسێ وڵات و ناوچەکە بەگشتی.
حەداد ئاماژەی بەوەشکرد، ناوجەی عەرەبی باشترینە بۆ وەبەرهێنان، بەتایبەتی کە چەند پڕۆژەیەک هەیە کە لەنێوان هەرسێ وڵات، لە پەراوێزی لوتکەی بەغدا گفتوگۆیان لەسەر کراوە.
مەلیک حەداد گوتیشی، یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکان بڕیاری دامەزراندنی سەکۆیەکی یەکگرتوو کە خزمەت بە کەرتی گواستنەوەی سەرنشین و بارهەڵگرەکان دەکات بە تایبەتی، دەشڵێت، کاتێک ئەمە دامەزرا دەبێت پلاتفۆرمەکە ئاسانکاری بۆ بکرێت، بەتایبەتی لە چالاکییە ئابوورییەکان، گەشتیاری ناوخۆیی و بازرگانی نێوان ئەم وڵاتانە.
ئاماژەی بەوەشدا، کە پێشنیازێک بۆ وەبەرهێنان هەیه سەبارەت به ئیستغلالکردنی پێگەی ستراتیژی میسر و ئوردن و عێراق، کە ناوچەیەکی لۆجستیە بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا لە رۆژهەڵاتی ئوردن تاوتوێ ده کرێت.
ئەم هەواڵە 535جار خوێندراوەتەوە |