ZNA - هەولێر
میدیای ئێران بڵاویان کردەوە لە کۆبوونەوەی پارێزگارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و پارێزگارانی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران، پارێزگاری هەولێر ئامادەیی خۆی بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووری شنۆ – سیدەکان دەربڕیوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئومێد خۆشناو گوتی داوا لە بەڕێز وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران دەکەین ئامادەکاری بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووری شنۆ بکات و جەختی کردەوە ئەم دەروازەی دەرفەتی ئابووریی گرنگ بۆ خەڵکی هەردوولا دڕەخسێنێت.
پارێزگاری هەولێر لەم دیدارەدا زیادی کرد: دروستکردنی بازاڕی هاوبەش لەسەر سنووری حاجی ئۆمەران و دوروستکردنی شارۆچکە پیشەسازییە هاوبەشەکان دەبێتە هۆی پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان.
پارێزگاری هەولێر هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێشوازی لە وەبەرهێنانی هاوبەش و بوونی کۆمپانیا گەورەکانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان دەکەین و پێمان وایە زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری بۆ هەردوولا سوودی هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو: بەداخەوە هێڵی ئاسمانی ڕاستەوخۆی نێوان ورمێ و هەولێر ڕاگیراوە و دەمانهەوێت ئەم هێڵە ئاسمانییە بکرێتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان خێراتر بن.
ئومێد خۆشناو بە ئاماژە بە تێپەڕبوونی زیارەتکەرانی ئێرانی بۆ مەزارگەی شیعان لە باشووری عێراق ڕایگەیاند، پێشبینیمان کردووە لە ماوەی چلەی ماتەمینی ئیمام حسێندا نزیکەی 500 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ کەربەلا بڕۆن و ئامادەکاری تەواومان بۆ دابینکردنی ئاسایس، گواستنەوە و خۆشگوزەرانی زیارەتکەران کردووە.
"ئازاد تۆفیق" پارێزگاری هەڵەبجە لە یەکەم کۆبوونەوەی پارێزگاری سنووری ئێران و هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە کردنەوەی بازاڕە سنوورییەکان و دەروازە سنوورییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی کەلوپەل و گەشیاران کرد.
لەم دیدارەدا ئازاد تۆفیق بە ئاماژەدان بە هاوکارییەکانی ئێران بۆ لێقەوماوانی کیمیابارانی هەڵەبجە، گوتی: پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان خەڵکی هەڵەبجە و پارێزگای کرماشان لە ڕووی ئابووری و بازرگانییەوە هەیە و لە هەندێک بواردا، خەڵکی هەردوو دیوی سنوور پەیوەندی خێزانیی و هاوسەرگیریان هەیە.
لە درێژەی ئەم دیدارەدا بەرپرسی ئیدارەکانی "ڕپەڕین "، "گەرمیان" و "سۆران"ی هەرێمی کوردستان جەختیان لە کارلێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی کردەوە.
هیوا قەرەنی، بەرپرسی ئیدارەی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو بە دوای یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە گەڵ پارێزگاری ورمێ واژوو کرا، هاتوچؤی گەشتیاران چالاکیی بازرگانی لە گەڵ شاری سەردەشت فراوان کران.
ناوبراو هیوای خواست ئەو ئاسانکاریانەی بۆ دەروازهی کێلێ کراون بۆ قاسمەڕەشیش بکرێن و دەشڵێت: ئەمساڵ دەرئەنجامی ڕێککەوتنەکانی ساڵی پێشوومان دیت و لە ساڵانی داهاتووشدا ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەمڕۆ دەبینین.
هەروەها "شێخ جەلال شێخ نوری" بەڕێوەبەری ئیدارەی گەرمیان لەم دیدارەدا ڕایگەیاند: داواکاری ئێمە لە گەرمیان ئەوەیە هەم هەناردە و هەم هاوردەکردنی کاڵا لە مەرزی پەروێزخانەوە ئەنجام بدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: خەڵکی گەرمیان هاوبەشییەکی زۆری کولتووری و ئایینییان لەگەڵ خەڵکی کرماشان هەیە و ئەمەش بنەمای کارلێکی زیاتر دەڕەخسێنێت.
"هەڵگورد شێخ نەجیب"، بەڕێوەبەری ئیدارەی سۆرانی لەم دیدارەداد جەختی لەوە کردەوە: ئەم ناوچەیە کە ژمارەی دانیشتووانی ٤٥٠ هەزار کەسە، یەکێکە لە ناوچە زۆر باشەکان بۆ کارلێکی بازرگانی لەگەڵ ئێران.
بەڕێوەبەری ئیدارەی سۆران گوتی، جگە لە مەرزی حاجی ئۆمەران ، مەرزی نوێ لە "سیدەکان" لەم ناوچەیە ئامادە دەکرێت و ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم سنوورە نزیکە لە دەروازەی سنووری "زێت" لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و بەم هۆیەوە لە ڕووی ترانزێتی کەلوپەلەوە دەروازەیەکی گرنگ دەبێت.
دەروازەی سنووریی "زێت" لەم دواییانەدا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر و لە دەڤەری بارزان لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرایەوە.
یەکەمین کۆبوونەوەی پارێزگارانی پارێزگا سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی ئەحمەد وەحیدی، وەزیری نێوخۆی ئێران لە شاری ورمێ بەڕێوەچوو.
ئێوارەی دوێنی چوارشەممە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٣، بەپرسانی ئێران لە سنووری حاجی ئۆمەران پێشوازیان لە شاندی هەرێمی کوردستان هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئومێد خۆشناو کرد.
ئەم هەواڵە 265جار خوێندراوەتەوە |