هەولێر ZNA یەکێک لەو مادانەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کە پەسند کرا تایبەت بوو بە دامەزراندن، کە دامەزراندنی فەرمانبەران و گرێبەست راگیرا جگە لە 37 هەزار کەس نەبێت بۆ وەزارەتى ناوخۆ، هاوکات مادەیەکى دیکە زیادکرا بۆ دامەزراندنى 150 هەزار کەس بە گرێبەست.
بەرەبەیانى رۆژی 12ـى حوزەیران، پەرلەمانى عێراق مادەى 15ـی پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی پەسندکرد کە لە بڕگەى چواریدا هاتووە دامەزراندن و گرێبەستەکان لە سەرجەم فەرمانگەکانى دەوڵەت رادەگیرێن، جگە لە 37 هەزار و 100 کەس نەبێت کە بەگرێبەست لەلایەن وەزارەتى ناوخۆوە دادەمەزرێندرێن.
هاوکات مادەیەکى نوێ بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى زیادکرا بۆ دامەزراندنى چەند توێژێک بەشێوەى گرێبەست، دواتر دەنگی لەسەردرا و مادەکە پەسندکرا.
ژمارەى ئەو کەسانەى بەپێى ئەو مادە نوێیە دادەمەزرێندرێن، 150 هەزار کەسن کە وانەبێژان و خاوەن بڕوانامە و یەکەمى زانکۆکان دەگرێتەوە.
بە زیادکردنی ئەو 150 هەزار کەسە، لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراقدا نزیکەى 900 هەزار کەس بە گرێبەست یان بۆ هەمیشەیی دامەزرێندراون، بەوەش ژمارەى فەرمانبەرانى عێراق لە چوار ملیۆن کەس نزیک دەبێتەوە.
ئەم هەواڵە 481جار خوێندراوەتەوە |