ZNA-هەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی پەسەندکراو رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار بکات.
دوای پەسند کردنی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، پرۆژەیاسای بودجە لە رۆژنامەی وەقائعی عێراقی بڵاودەکرێتەوە و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو، دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لەلایەن ئەنجومەنی وهزیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.
رۆژی هەینیش (9ـی حوزەیرانی 2023)، دوای دووجار دواخستن، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە درێژەی پێدرا و ماددەکانی (دووەم، نۆیەم، دەیەم، یازدەیەم، دوازدەیەم، سێزدەیەم، هەژدەیەم، نۆزدەیەم، بیستەم، بیست و یەکەم، بیست و سێیەم و بیست و چوارەم) پەسەند کران و دەنگدان لەسەر ماددەکانی (چواردەیەم، پازدەیەم، شازدەیەم و حەڤدەیەم) دواخرا.
لە دانیشتنی شەوی (10ـی حوزەیرانی 2023)، بە ئامادەبوونی 241 پەرلەمانتار، پەرلەمانی عێراق درێژەیدا بە دانیشتنەکانی بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، دوای پەسەندکردنی ماددەی 14، ماددەکانی 25 تا 41 بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرد.
رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجومەنی وهزیرانی عێراق رهشنووسی پڕۆژهیاسای بودجهی فیدراڵی پهسهندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.
هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد، بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.
دوای سێ رۆژ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ناکۆکییەکان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە، بەرەبەیانی رۆژی 12/6/2023، بودجەی گشتی عێراق پەسند کرا.
ئەم هەواڵە 436جار خوێندراوەتەوە |