ZNA - هەولێر
سوهەیل محەممەد ئەلمەزروعی، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات، جەختی لە گرنگی ئەو ڕۆڵە کردەوە کە ئۆپێک و هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس دەیگێڕن، لە خزمەتکردنی بەرژەوەندی بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەران و پێشخستنی وەبەرهێنانی بەردەوام لە کەرتی وزەدا.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئیمارات، سوهەیل محەممەد ئەلمەزروعی، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات گوتی: کاری هاوبەشی سەرچاوەی دەرئەنجامە ئەرێنییە گەورەکانە و پایەی هێزێکە بۆ هاوکاری و یەکڕیزی، دەشڵێت، ئامانجی سەرەکی ئۆپێک لەسەر بنەمای دەستەبەرکردنی سەقامگیری بازاڕ و گەیشتن بە هاوسەنگی لە نێوان خواست و دابینکردندایە بە شێوەیەک کەپشتگیری لە گەشەی ئابووری جیهانی دەکات.
ئەم گوتانەی سوهەیل لەکاتی سەرۆکایەتیکردنی شاندی ئیماراتی هات کە بەشداری لە 60ەمین مەراسیمی دامەزراندنی رێکخراوی "ئۆپێک"دا کرد، کە دوێنێ لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو.
ئۆپێک رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە کە لە رۆژانی 10 تاوەکو 14ی ئەیلولی 1960 بە ئامادەبوونی وەزیرانی نەوتی کۆماری عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران و کوێت و سعوودیە و ڤەنزوێلا، لە بەغدا دامەزرا ، لەو کاتەوە رێکخراوەکە گەشەی کردووە و ئەمڕۆ 13 وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت ئەندامە لەرێکخراوەکە.
ئەم هەواڵە 421جار خوێندراوەتەوە |