ZNA - هەولێر
سەرۆککۆماری کۆمار، لەتیف ڕەشید، وەرگرتنی کۆپییەکی بودجەی گشتی دارایی پشتڕاستکردەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدایە.
لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری کۆماری عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کە بە بۆنەی وەرگرتنەوەی شوێنەوارێک لە ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند، "دوێنێ سەرۆکایەتی کۆمار کۆپییەکی بودجەی گشتی دارایی پێگەیشتووە، کۆپییەکە هێشتا لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدایە".
ڕەشید سوپاسی هەوڵی ئیتالیا و مامەڵەکردنیان لەگەڵ شوێنەوارەکانی عێراق کرد، جەختی لەوە کردەوە، کە "وەزیری ڕۆشنبیری عێراق هەوڵێکی زۆری دا بۆ وەرگرتنەوەی ئەم شوێنەوارە".
ڕەشید هیوای خۆی دەربڕی کە "مۆزەخانەی عێراق یەکێک بێت لە باشترین مۆزەخانەکانی جیهان"، هەروەها هاوکاری بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی شوێنەواری زیاتر بدۆزرێتەوە.
لای خۆیەوە ئەحمەد فەکاک ئەلبەدرانی وەزیری ڕۆشنبیری لە هەمان کۆنفرانسدا ڕایگەیاند "ئەو شوێنەوارانەی لە ئیتاڵیا دۆزراونەتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم پارچانە بە ڕێنووسی مێخی نووسراون و ڕەسەنن و ئەو شوێنەوارە مانای تەواو هەڵدەگرێت".
ئەم هەواڵە 553جار خوێندراوەتەوە |