ZNA - ههولێر سێ کۆمپانیای قەتەری و کۆمسیۆنی وەبەرهێنانی نیشتمانی عێراق ڕێککەوتن لەسەر پەرەپێدان بە چەند پڕۆژەیەکی ناو عێراق کە بەهاکەیان دەگاتە 9.5 ملیار دۆلار، لەوانەش دروستکردنی دوو وێستگەی کارەبا کە بە هەردووکیان 2400 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن، ئەمەش بەپێی ئەو بەیاننامانەی کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاوکراونەتەوە.
کۆمپانیای یو سی سی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە کۆمپانیای یو سی سی و کۆمسیۆنی وەبەرهێنانی عێراق هاوبەشییەکی 25 ساڵییان لە کەرتی تایبەت و گشتیدا واژۆ کردووە کە پەیوەستن بە دوو وێستگەی کارەباوە، وێستگەکان 2.5 ملیار دۆلارییان دەوێت بۆ دروستکردنییان.
وێستگەکان یارمەتی عێراق دەدەن لە کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە ئێران بۆ پێویستییەکانیەوە لە ڕووی وزەوە.
عێراق کارەبا و گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، لە سەدا 40 ی کارەبای عێراق لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت.
کۆمپانیای ئیستیثماری قەتەری لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کۆمسیۆنی وەبەرهێنانی عێراق و کۆمپانیاکە کە بنکەکەی لە قەتەرە چەند گرێبەستێکییان واژۆ کردووە کە بەهاکەیان دەگاتە 7 ملیار دۆلار، ئەوەش بە مەبەستی دروستکردنی نەخۆشخانە و پەرەپێدان بە " دوو شاری نوێی گشتگیر " و دروستکردنی زنجیرەیەک لە هۆتێل کە بە هەموویانەوە 10,000 ژوور لە خۆدەگرن.
جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ئیستیثمار ڕامز ئەل خەیات لە بەیاننامەیەکدا وتی " شارەکان بینای نیشتەجێبوون و ڤێلا و قوتابخانە و بینای بازرگانی و ناوەندی حەوانەوە و چەندین دامەزراوە و خزمەتگوزاری دیکە لە خۆدەگرن، لەگەڵ هەموو ئەو ژێرخانەدا کە پێویستە بۆ دروستکردنی ئەم شارانە."
تاوەکو ئێستا نەزاندراوە کۆمپانیاکانی قەتەر یاخود کۆمسیۆنی وەبەرهێنانی عێراق چەندێک پارە بۆ ئەم پڕۆژانە تەرخان دەکەن.
ڕێککەوتنەکان لە میانەی سەردانەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی میری قەتەردا بۆ بەغداد واژۆ کران، میری قەتەر بەڵێنیدا بە بڕی 5 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە عێراقدا بکات.
voa
ئەم هەواڵە 451جار خوێندراوەتەوە |