ZNA - ههولێر
ئەمەریکا و عێراق هیوادارن هەنگاوی گرنگ بنێن بۆ فراوانکردنی هاوبەشییەکەی خۆیان لە تەنها سەرنج لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گروپی چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ەوە بۆ شتێک کە هەندێک لە بەرپرسانی ئەمەریکا وەک هاوپەیمانییەکی تەواوی حکومەت ناودێری دەکەن.
بۆ دەستپێکردنی دوو ڕۆژی دانوستان ڕۆژی دووشەممە لە پنتاگۆن بەرپرسانی بەرگری و دیپلۆماتکارانی هەردوو وڵات کۆبوونەوە کە بریتین لە کۆبوونەوەی نێوان لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمەریکا و وەزیری بەرگری عێراق تابیت محەمەد ئەلعەباسی.
ئۆستین بە عەباسی وتووە "ئێمە دەزانین... ئەرکی سەربازیمان لەگەڵ بنیاتنانی تواناکانی هێزەکانتاندا دەگۆڕدرێت"، گفتوگۆکانی وەک بەشێک لە "هەنگاوی داهاتوو لە هاوبەشی بەرگری ستراتیژی" ناودێرکرد.
عەباسی لەڕێگەی وەرگێڕێکەوە قسەی کرد و وتی لە کاتێکدا "پاراستنی ئەو سەرکەوتنانە"ی کە هێزەکانی عێراق و ئەمەریکا پێشتر دەستەبەریان کردبوو، زۆر گرنگە "[ئەوە] گرنگترینە لە ئێستادا پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی نێوان ئێمە و ئەمەریکا بەرەو پێش بڕۆن. "
گوتیشی، "زۆر دڵخۆشین کە بەبێ سەرکەوتن واشنتن بەجێناهێڵین."
ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراقدا هەیە کە ئەرکی ڕاوێژکاری و هاوکاریکردنی هێزە ئاسایشییەکانی عێراقیان پێسپێردراوە لەکاتێکدا بەرەنگاری پاشماوەکانی داعشیش دەبنەوە.
بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئەو ڕێکخستنەی کە لە مانگی دوازدەی ساڵی 2021ەوە هێزەکانی عێراق لە پێشەنگایەتیدان، سەرکەوتوو بووە. خەمڵاندنەکانی ئەمەریکا دەریدەخەن کە ڕێژەی داعش بۆ کەمتر لە هەزار چەکدار لە عێراقدا کەمکراوەتەوە لە کاتێکدا سەرکردایەتی گروپەکە لە عێراق بە هەمان شێوە بەردەوام لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کەمکراوەتەوە.
بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن، دەرەنجام لەم ساڵدا %64ی هێرشەکانی داعش لە عێراق کەمبووەتەوە. وە ئەو هێرشانەی کە ڕوویانداوە کەمتر کوشندە بوون.
دانا سترۆل، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش کۆبونەوەکەی ڕۆژی دووشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی "پێموایە ڕاستە بڵێین لە دەیان ساڵ لە داهاتوودا، هێزەکانی ئەمەریکا بەو شێوەیەی ئێستا لە عێراق هەن، نامێنن."
هێشتا دیاری نەکراوە کە ڕەنگە بوونی ئەمەریکا لە عێراق چۆن بێت. بەڵام سەرکەوتنی بەردەوام لە دژی داعش زەمینە بۆ گفتوگۆکان خۆش دەکات کە دەتوانێت پەیوەندی واشنتن لەگەڵ عێراق زیاتر لە هاوبەشییەکانی دیکەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەستپێبکات.
ستڕۆڵ گوتی "ئێمە ئارەزووی پەیوەندییەکی بەرگری بەردەوام دەکەین لەناو هاوبەشییەکی ستراتیژیدا ... نەک تەنها پەیوەندییەکی سەربازی، نەک تەنها پەیوەندی بەرگری.ئێمە هاوبەشییەکی ستراتیژی سەرتاسەری حکومەت بۆ چەندین ساڵ و چەندین ساڵی داهاتوو دەبینین."
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێن ئەمەش بریتییە لە زیاتر گرنگیدان بە ئابووری عێراق ، ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لە بازرگانییەکانی ئەمەریکا وەک سینەبەن و بەرگر کینگ پێشتر فرۆشگایان لە بەغدا کردووەتەوە.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، "ئەوە هێما و ئاماژەیەکی زۆر بەهێزە کە ئەوان [عێراقییەکان] بەرهەمی ئەمەریکاییان دەوێت و بازرگانی ئەمەریکاییان دەوێت، تەنانەت ئەگەر فرەنچایزیش بن".
ئەو بەرپرسە گوتیشی "پێمان خۆشە بەردەوام بین لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانمان لە بواری وزە، بەتایبەتی یارمەتیدانی عێراقییەکان بۆ بنیاتنانی توانای بەڕێوەبردنی زیاتر لە کەرتی وزەیاندا"، جەختیشی لە گرنگیدان بە دۆزینەوەی ڕێگەکان کردەوە "بۆ ئەوەی گەنجانی عێراقی لە کارەکانیان بمێننەوە."
بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن، خۆشحاڵن بە پێشکەوتنەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئاماژە بە پێشکەوتنەکان دەکەن بەتایبەتی لە کەرتی بانکیدا، هەرچەندە بڕیارەکەی واشنتن بۆ لیستی ڕەشی 14 بانکی عێراقی بەهۆی گوایە سپیکردنەوەی پارە بەناوی ئێرانەوە، مانگی ڕابردوو ناڕەزایەتیی بەدوای خۆیدا هێنا.
هێشتا پێدەچێت گرنگییەکی زۆر لەسەر هاوکاری بەرگری بمێنێتەوە بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەی بەردەوای داعش ئەگەر تا ئاستێک کەمترینیش بێت.
ژەنەڕاڵ ماتیو مەکفارلین، فەرماندەی هێزی ئەمەریکا پێش دانوستانەکانی ئەمەریکا و عێراق گوتی "هێشتا باوەڕم وایە سەرهەڵدانەوەی داعش مەترسییەکی بەرچاوە".
گوتیشی " ئایدۆلۆژیایان بێ سنوور ماوەتەوە و هێشتا هەڕەشەیە لە کاتێکدا هەوڵدەدەن هەندێک لە تواناکانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان بنیات بنێنەوە و وەک هەڕەشەیەکی بەرچاو بۆ سەر دانیشتووان بمێننەوە."
لەکاتێکدا هێزە عێراقییەکان توانیویانە خێرایی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە داعش بپارێزن، بەرپرسانی سەربازی ئەمەریکا هێشتا ئەو ناوچانە دەبینن کە پێویستە بەهێزتر بکرێن، وەک بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی چاودێری بۆ دۆزینەوە و نەهێشتنی ئامانجەکانی داعش.
مەکفارلین دەڵێت "بەدڵنیاییەوە ئێستا لەگەڵیاندا کاردەکەین بۆ باشکردنی پێگەکانیان و تێکەڵکردنیان لە ئۆپەراسیۆنەکاندا".
هەروەها ڕاپۆرتێکی لێکۆڵەری گشتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کە سەرەتای ئەم مانگە بڵاوکرایەوە، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دەزگای نوخبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق وروژاند و ئاماژەی بەوەدا کە "لە مانگی یازدەی ساڵی 2018وە هیچ سەربازێکی نوێی وەرنەگرتووە".
بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن پێویستە کاریش بکرێت بۆ ئامادەکردنی هێزە عێراقییەکان تا نیگەرانییە ئاسایشییەکان لەبەرچاوبگرن لە دەرەوەی بازنەی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
وە بەرپرسانی ئەمەریکایی زیاتر ئاگادارن کە کێبڕکێی وڵاتانی دیکە هەیە کە حەز دەکەن هاوکاری ئەمنی لەگەڵ عێراق زیاد بکەن، وەک چین، ڕووسیا و تورکیا.
ستڕۆڵ گوتی "هەر بۆیە ئەم گفتوگۆیە زۆر گرنگە." گوتیشی " دەبێت لەگەڵ عێراقییەکان کاربکەین لەسەر وێنەیەکی گشتگیر بۆ لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو سەرچاوانەی [بەرگری و ئاسایش] لەگەڵ دیدگای ئەوان بۆ تواناکانیان."
voa
ئەم هەواڵە 580جار خوێندراوەتەوە |