English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سوودانی ستایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
2023-09-06 [05:49 AM]


سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ستایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ پێشوازیكردن له‌ زیاره‌تكارانی چله‌ی ئیمام حوسێن.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 6ـی ئه‌یلوولی 2023) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ستایشی هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ئاماده‌كاری و پێشوازیكردنی زیاره‌تكارانی چله‌ی ئیمام حوسێن و پشتگیریكردنی له‌ به‌ڕێوه‌چوونی رێوڕه‌سمه‌كانی تایبه‌ت به‌و بۆنه‌یه‌وه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌شداریكردنی زیاره‌تكاران له‌و بۆنه‌یه‌دا ئاستێكی به‌رزی تۆمار كردووه‌، كه‌ پێشتر هاوشێوه‌ی نه‌بووه‌. گوتیشی، تا ئێستا 22 ملیۆن زیاره‌تكار به‌شداری ئه‌و بۆنه‌یان كردووه‌.

رۆژی (سێشه‌ممه‌ 15ـی ئابی 2023) مه‌سعود باتێلی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ئاماده‌كاری تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێشوازیكردن له‌ زیاره‌تكارانی شیعه‌، لیژنه‌یه‌كی باڵای له‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێكهێناوه‌ و كاره‌كانیان ده‌ستپێكردووه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چوار وێستگه‌ دانراوه‌، كه‌ دوو وێستگه‌یان سه‌ره‌كین و یه‌كێكیان ده‌كه‌وێته‌ ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران، ئه‌وی دیكه‌یش له‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران دانراوه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ دوو وێستگه‌ی لاوه‌كی كه‌ یه‌كێكیان ده‌كه‌وێته‌ كانی ماران و ئه‌ویدیكه‌یشیان ده‌كه‌وێته‌ بازگه‌ی شێراوه‌.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ئاماده‌كاری باسی له‌وه‌شكرد، بۆ ئه‌مساڵ 500 هه‌زار كه‌س له‌ رێگه‌ی ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ سه‌ردانی شوێنه‌ پیرۆزه‌كانی نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا له‌ باشووری عێراق ده‌كه‌ن، روونیشیكرده‌وه‌، پرۆسه‌كه‌ له‌ 18ـی ئاب ده‌ستپێده‌كات و تاوه‌كو چله‌ی ئیمام حوسێن له‌ 6ـی ئه‌یلوول به‌رده‌وام ده‌بێت.

مه‌سعود باتێلی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه‌ رۆژانه‌ له‌ كۆی ئه‌و 500 هه‌زار كه‌سه‌، 25 هه‌زار له‌ رێگه‌ی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ سه‌ردانی عێراق ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ شاره‌كانی نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا، گوتیشی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ 55 گێتیان بۆ پاسپۆرت داناوه‌، به‌م شێوه‌یه‌ له‌ یه‌ك كاتدا 55 كه‌س مۆری پاسپۆرتیان بۆ لێ ده‌درێت و به‌یه‌كه‌وه‌ داخڵی ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌بن.

ساڵانە، ژمارەیەکی زۆری شیعە مەزھەب لە ناوچەکانی دیکەوە بە پیادە ڕوو دەکەنە شاری کەربەلای باشووری عێراق بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بەشداری بکەن، بەشێک لەو زیارەتکارانەش لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەچنە کەربەلا.





ئەم هەواڵە 1057جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad