ZNA - ههولێر
پێش سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، بۆ بەشدارییکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێک گەیشتە ئەو وڵاتە.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە درەنگانێکی شەوی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە شاری نیویۆرک بۆ بەشدارییکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، شاندی عێراق بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت.
بڕیارە رۆژی دووشەممە 18-09-2023 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بگاتە نیویۆرک و هەر خۆیشی گوتاری عێراق لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکێش دەکات.
ئەم هەواڵە 775جار خوێندراوەتەوە |