ZNA - هەولێر
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی خولی 78مینی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئوردن و میسر باسیان لە رێگاکانی کاراکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەر سێ وڵات لە بواری ئابووری و سیاسیدا کرد.
سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر، لە بارەگای نوێنەرایەتی هەمیشەیی میسر بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، میوانداری هەریەک لە فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەیمەن سەفدی، وەزیری دەرەوە و کاروباری تاراوگەنشینی ئوردن کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەرسێ وەزیرەکان رێککەوتن لەسەر گرنگی تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی پێشنیارکراون لەنێوانیاندا، کە دەستپێشخەریکردن بۆ خستنەڕووی بیرۆکە و پڕۆژەی نوێ لە بوارەکانی کارەبا و وزەی نوێبووەوە، پەیوەندییەکان، بازرگانی، پیشەسازی، گواستنەوە، تەندروستی، پیشەسازییەکانی دەرمان، خانووبەرە و بیناسازی، هەروەها بوارەکانی پەیوەست بە رۆشنبیری، گەشتیاری، گەنجان و وەرزش، هەروەها بوارەکانی هاوکاری ئەمنی و بەرگری.
وەزیرەکان هەروەها باسیان لە دۆخی ناوچەکە کرد و جەختیان لە گرنگی گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری کرد و دەستیان خستە سەر زۆر پرس، دیارترینیان پرسی فەلەستین بەو پێیەی پرسی ناوەندییە، هەروەها لە چوارچێوەی گرنگی گەڕاندنەوەی مافە بێبەشنەکراوەکانی فەڵەستین، هەروەها باسیان لە هەوڵەکان کرد بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سووریا، بەتایبەتی لە رێگەی هەوڵەکانی گروپی پەیوەندی عەرەبی، بە مەبەستی گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا و کۆتاییهێنان بە ئازارەکانیان.
وەزیرانی دەرەوە ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە هەماهەنگی لەنێوان خۆیاندا بۆ ئامادەکاری بۆ لوتکەی سێ قۆڵی داهاتوو کە بڕیارە لە قاهیرە بەڕێوەبچێت.
دواین لوتکەی سێ قۆڵی لەنێوان هەرسێ وڵات لە مانگی حوزەیرانی 2021 لە بەغدا بەڕێوەچوو.
ئەم هەواڵە 421جار خوێندراوەتەوە |