ZNA-هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی بۆمبەوە هێرشکرایە سەر سەر بارەگای 'ناوەندی رافیدەین بۆ دیالۆگ' لە شاری نەجەف. ناوەندەکە دەڵێت، "هێرشەکە زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە".
نووسینگەی راگەیاندنی ناوەندی رافیدەین بۆ دیالۆگ – RCD لە راگەیەندراوێکدا ئـاماژەی بەوە کرد، نزیکەی کاتژمێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە رێگەی بۆمبەوە هێرشکرایە سەر بارەگای گشتیی ناوەندەکەیان و بەتایبەت نووسینگەی زەید تاڵقانی، سەرۆکی ناوەندەکە لە شاری نەجەف.
هێرشەکە وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، زیانی ماددی زۆری لێ کەوتووەتەوە، بەڵام زیانی گیانیی نەبووە. ئەوەش خراوەتەڕوو: "ئەمە بۆ جاری چوارەمە لەلایەن هەندێک لایەن کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتییە، هێرشی تیرۆریستی ترسنۆکانە و رێکخراو دەکرێتە سەر ناوەندی رافیدەین بۆ دیالۆگ".
ناوەندی رافیدەین بۆ دیالۆگ جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو "هێرشە تیرۆریستییانە" کاریگەری ناکەنە سەر هەوڵە زانستی و نیشتمانییەکانی ناوەندەکە و بەردەوام دەبن لەسەر کارەکانیان.
رۆژی 20ـی 09ـی 2023، بهڕێوهبهرایهتییهكانی کەناڵی کوردستان24 و ناوەندی رافیدەین بۆ دیالۆگ "گرێبەستی سپۆنسەری میدیایی"ـیان بۆ چوارەمین خولی کۆڕبەندەکە لە ژێر دروشمی "جیهان لە گۆڕاندایە" واژووکرد کە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو.
ناوەندی رافیدەین لە سەرەتای ساڵی 2014 لە شاری نەجەف دامەزرێندراوە و ناوەندێکی سەربەخۆیە. یەکێکە لەو ناوەندانەی ساڵانە کۆڕبەندی تایبەت بە دەستەبژێری ئابووری، سیاسیی و کولتووری لە عێراق هەیە.
ناوەندی رافیدەین کاردەکات بۆ هاندانی گفتوگۆی سیاسی و کولتووری و ئابووری لەنێوان هەموو چین و توێژەکاندا هەروەها کار دەکات بۆ دابینکردنی شارەزایی و دیدگای ستراتیژی بۆ دامەزراوە حکومی و کۆمەڵایەتییەکان؛ بە مەبەستی چالاککردنی ڕۆڵ و باشترکردنی ئەدای کارکردنیان.
ئەم هەواڵە 442جار خوێندراوەتەوە |