ZNA - هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە، لیژنەی خزمەتگوزاریی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، نزیکەی 370 پڕۆژەی خزمەتگوزاری تا کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ڕادەگیرێت، ئاماژەی بەوەکرد، وەستاندنی ئەو پڕۆژانە لە بەر ئیستغلالکردنیانە بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە.
ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری لە پەرلەمانی عێراق، باقر ساعدی بە میدیای عێراقی گوت: "ترس هەیە لە ئیستغلالکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەکارهێنانیان لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لیژنەکەی ڕاسپێردرا چاودێری و لێپرسینەوە لەگەڵ هەر بەرپرسێکی جێبەجێکار بکات، کە هەوڵی سود وەرگرتن لە پڕۆژەکان بدات بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکان"، دوشڵێت: "نزیکەی 370 پڕۆژە هەن کە تا کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ڕاگیراون".
باسی لەوەشکرد، "ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی لە چوارچێوەی بودجەدا پەسەندکراون، بەبێ فشار ڕادەستی حکومەتە ناوخۆییە نوێیەکان دەکرێن بۆ تەواوکردنیان".
لیژنەی خزمەتگوزاری پەرلەمان پێشتر بەڵێنی دابوو هەر بەرپرسێک یان پارێزگارێک پڕۆژەکان بۆ ڕکابەری هەڵبژاردنەکان بەکاربهێنێت، لێپرسینه وه ی له گه ڵدا دەکرێت.
ئەم هەواڵە 520جار خوێندراوەتەوە |