ZNA - هەولێر ڕۆژی دووشەممە، تیمی گەڕان و فریاگوزاری، دەرهێنانەوەی 11 تەرمی نەناسراوی لە ژێر داروپەردووەکانی ناوچەی ئەلمەیدان لە شاری موسڵی کۆن لە پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند.
تیمەکە بە میدیا عێراقییەکانیان ڕاگەیاند، تەرمەکان لەگەڵ ڕاپۆرتێکی فەرمی ڕادەستی فەرمانگەی پزیشکی دادوەری کراون.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی تەندروستی دەرهێنانەوەی پێنج هەزار و 244 تەرمیان لە ژێر داروپەردووی ناوچە ڕووخاوەکانی پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای 6 ساڵ لە ڕزگارکردنی لە ژێر دەستی داعش، کە لە هاوینی 2014دا هێرشی کردبووە سەر شارەکە.
ڕوانگەیەکی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ چەند مانگێک لەمەوبەر ئاشکرای کرد کە تا ئێستا لەنێوان 700 بۆ 1000 تەرمی هاوڵاتی مەدەنی لەژێر داروپەردوودا ماون، ڕەنگە ژمارەکە بۆ دوو هێندە بەرزبێتەوە ئەگەر داروپەردووی ماڵ و باڵەخانەکانی تر لاببرێت.
ئەم هەواڵە 709جار خوێندراوەتەوە |